عێراق
چەند مریشکێک لە پەلەوەرخانەیەکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.
رووداو دیجیتاڵ
ئەنفلۆنزای باڵندە لە پارێزگای نەینەوا بووەهۆی لەنێوچوونی زیاتر لە 20 هەزار مریشک لە دوو کێڵگەی پەلەوەریدا.
غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە (19ی تشرینی یەکەمی 2025) بە رووداوی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە دوو کێڵگەی پەلەوەری کە نزیکەی 150 هەزار مریشکیان تێدابوو، بووە هۆی لەنێوچوونی 20 هەزاریان".
لەبارەی هەنگاوەکانیان بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەنفلۆنزاکە، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک گوتی: "هەر زوو لیژنەیەک پێکهێندرا کە نوێنەری شەش فەرمانگەی حکومی لەخۆگرت، لەوانە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی نەینەوا. رێوشوێن گیرایەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە بۆ ناوچەکانی دیکە. "
غەزوان داودی گوتی: "دۆخەکە کۆنترۆڵکرا و هەربۆیە ئەمڕۆ کەرەنتینەمان شکاند".
ئەنفلۆنزای باڵندە هەوکردنێکی ڤایرۆسییە لە باڵندەدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی کار لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵ دەکەن زۆرترین مەترسیی تووشبوون بەو ئەنفلەوەنزاکەیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ