رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەنووسان ناتوانن لە هەموو بنکەیەکی دەنگدان رووماڵی هەڵبژاردن بکەن. بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن رایگەیاند، "ئەو رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت رووماڵ بکەن، باجی تایبەتیان بۆ دروست دەکرێت و چەند بنکەیەکیش بۆ رووماڵ دیاری دەکرێن."
رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2025 ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو رۆژنامەنووسە نێوخۆییانەی دەیانەوێت رووماڵی رۆژانی دەنگدان بکەن، دەبێت باجیان هەبێت و لەلایەن کۆمیسیۆنەوە باجی تایبەتیان بۆ دروست دەکرێت، کە هەموو زانیارییەکانی تێدایە."
بڕیارە لە 8,703 بنکە، دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت. ئەیسەر یاسین گوتی، "لە هەموو بنکەکان نابێت رووماڵ ناکرێت، تەنیا هەندێک بنکە دیاری دەکرێت؛ بنکەیەک لە نێو شار، دەرەوەی شار و ئەو شوێنانەی رێگەیان دوورە، تەنیا لەو بنکانە دەتوانن رووماڵ بکەن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن، لەو بنکانەی دیاریکراون، بە مەرج رێگە بە رووماڵکردن دەدرێت و رۆژنامەنووسان ناتوانن وێستگەکان و نێوەوەیان تۆمار بکەن.
لەبارەی دەنگدانی رۆژنامەنووسان، ئەیسەر یاسین باسی لەوە کرد، کە هەموو رۆژنامەنووسان دەبێت بچنەوە بازنەکانی خۆیان دەنگ بدەن و بەهۆی کارەکانیانەوە ناتوانن لە بنکەی دیکە دەنگ بدەن.
لە 9ی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت و لە 11ی هەمان مانگیش دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ