رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستگیرکردنی 5 کەس لەسەر کوشتنی سەفا مەشهەدانی، بەربژێر لە هاوپەیمانی سەروەری بۆ رووداو پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام هێشتا بکوژی سەرەکی دەستگیر نەکراوە.
چوارشەممەی رابردوو 15-10-2025 سەفا مەشهەدانی، بەربژێر لە هاوپەیمانی سەروەری لە ناوچەی تارمییەی بەغدا لە لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، رووداوەکە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و سوننەکان بە لیست و لایەنی جیاواز داوای ئاشکراکردنی بکوژی سەفا مەشهەدانی دەکەن.
قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 بە رووداوی راگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی بەشی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ و بە هاوکاری ئاسایشی حەشدی شەعبی توانرا پێنج کەس دەستگیربکرێن ،تۆمەتبارن و تێوەگلاون لە دۆسیەی کوشتنی سەفا مەشهەدانی."
بەرپرسە ئەمنییەکەی بەغدا بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، "ئەو 5 کەسە ئەندامی حەشدی عەشایەرین و دانیشتووی تارمییەن، لەلایەن ئاسایشی حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کران و رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراون."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و ئامانجیانە بکوژی سەرەکیی سەفا مەشهەدانی دەستگیر بکەن، مەحمەداوی دەڵێت، "لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی بکەری سەرەکی و گەیشتن بە وردەکاریی رووداوەکە بەردەوامن، بەمنزیکانە بۆ رای گشتی روون دەکرێتەوە."
سەفا مەشهەدانی جگە لەوەی بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بوو، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش بوو.
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رۆژی دووشەممە 20-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بکوژی سەفا مەشهەدانی ناسراوەتەوە، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامە،هەروەها عەممار حەمدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رایگەیاند، "لە 48 کاژێری داهاتوودا بکوژی سەفا مەشهەدانی رادەگەیێندرێت،" حەمدانی هیچ روونکردنەوە و وردەکاریی دیکەی باس نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ