رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای مێتا کۆبووەوە، کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسەپە، بۆ هاوئاهەنگیکردن لەبارەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و زانینی پرۆسەی پارەدارکردنی بانگەشەی بەربژێرەکان.
کۆبوونەوەکە چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئۆنلاین کراوە. نوێنەرانی کۆمیسیۆن و کۆمپانیای مێتا و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەشدار بوون.
بیلال ئەکرەم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە بەشدار بووە لەو کۆبوونەوەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتی هاوکاریکردنی کۆمیسیۆن کرد لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە لەبارەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە لە کاتی بانگەشە و هێرشکردنە سەر بەربژێرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکردووە و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
بیلال ئەکرەم رایگەیاند: "یەکێک لەو پرسانەی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای مێتا تاوتوێ کراوە، پارەدارکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەى ئامارێکیان پێبدەن و هەروەها یەکێکى دیکە لەو پرسانەى تاوتوێ کراوە، جیاکردنەوەی ئەکاونتى راستەقینەى بەربژێرانە لە ئەکاونتە ساختەکان و چۆنیەتی بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان"
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لەو کۆبوونەوەیە تاوتوێ کراوە، چۆنیەتی ڤێریفایکردنی پەیجی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بووە لە پارێزگاکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کە زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ