وەزارەتی نەوتی عێراق: ئاگرەکەی بەسرە کۆنتڕۆڵکرا

24-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی نەوتی عێراق کۆنترۆڵکردنی ئاگری کۆگا گازییەکەی بەسرەی راگەیاند و دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی چەند هۆکارێکی تەکنیکی کەوتەوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە: "دوای گەیشتنی خێرای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، توانیمان ئەو ئاگرەی کە لە کۆگایەکی وێستگەی گازیی پێنجەم لە رومەیلەی باکوور کەوتبووەوە، کۆنترۆڵ بکەین. توانرا زوو رێگە لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بگیرێت و کۆگاکانی دیکەی دەوروبەریمان ساردکردنەوە بۆ ئەوەی ئاگرەکەیان بۆ نەگوازرێتەوە".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "ئاگرەکە دوای ئەوە کەوتووەتەوە کە نەوتی خاو کراوەتە نێو کۆگای ژمارە 2 لە وێستگەی DS5 لە رومەیلەی باکوور. ئاگرەکە بەهۆی چەند هۆکارێکی تەکنیکییەوە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا هۆکارەکان بەتەواوی دیارینەکراون. تیمەکانیشمان لە کارکردندان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
 
نزیک کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگر لە وێستگەی گازیی کێڵگەی نەوتی رومەیلەی بەسرە کەوتەوە و دووکەڵی ئاگرەکە ئاسمانی ناوچەکەی تەنی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە