رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە فەرمی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێری خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان کرد.
رۆژی شەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2026، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاریاندا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پەرۆشییان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پاراستنی سەقامگیریی وڵات دراوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی و رۆڵی نووری مالیکی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" هۆکاری سەرەکی بوون بۆ بەربژێرکردنەوەی.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە رێڕەوی دەستووری کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئێمە پەرۆشین بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا کە بتوانێت رووبەڕووی تەحەددییەکان ببێتەوە، خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە کە بەگوێرەی وادە دەستوورییەکان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت، کە دوای ئەو هەنگاوە بەربژێری گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.
نووری مالیکی کێیە؟
- ناوی تەواو: نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی.
- ساڵی لەدایکبوون: 1950 (قەزای هیندییە لە پارێزگای بابل)
- خوێندن: ماستەر لە ئەدەبی عەرەبی.
ژیانی سیاسی:
- لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە.
- لە ساڵی 1979 بەهۆی راوەدوونانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، عێراقی بەجێهێشت و چوو بۆ ئێران و دواتر بۆ سووریا، لەوێ وەک سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دژی سەدام حوسێن کاری دەکرد.
پلە و پۆستەکان:
- بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
- ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە: ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات.
- سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یەکێکە لە کوتلە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق.
- جێگری سەرۆککۆمار: لە ساڵی 2014 بۆ 2018 ئەم پۆستەی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ