رووداو دیجیتاڵ
دوای دیاریکردنی نووری مالیکی وەک بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆچوونی جیاواز لەنێو لایەنەکاندا بەدی دەکرێت. بەرپرسێکی رێکخراوی بەدر، پەیوەندییان لەگەڵ مالیکی بە "هاوسەرگیریی کاسۆلیکی" دەچوێنێت کە جیابوونەوەی تێدا نییە.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەیوەندیی نێوان رێکخراوی بەدر و دەوڵەتی یاسا وەک هاوسەرگیریی کاسۆلیکییە، لێی جیانابێتەوە و بەردەوام دەبێت."
ئەو بەرپرسەی بەدر جەختی کردەوە ئەوان پشتیوانی لە بەربژێربوونەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
لە ئاینزای کاسۆلیکدا، گرێبەستی هاوسەرگیری پیرۆزە و جیابوونەوە (تەڵاق) نییە، تەنیا مردن دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو پەیمانە. مەبەستی بەرپرسەکەی بەدر لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە، ئاماژەیە بۆ پتەویی پەیوەندییان لەگەڵ مالیکی.
بە پێچەوانەی بەدر، رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، هێشتا هەڵوێستی کۆتایی رانەگەیاندووە.
فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت، رۆژی سێشەممە مەکتەبی سیاسیی رەوتەکەیان کۆدەبێتەوە و "بە فەرمی هەڵوێستی خۆمان لەبارەی بەربژێربوونی نووری مالیکی رادەگەیێنین.
ئێوارەی رۆژی شەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و تێیدا نووری مالیکی وەک بەربژێری "زۆرینە" دیاریکرا. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند، کۆدەنگی لەسەر مالیکی نەبووە و چوار سەرکردەی دیار دەنگیان پێنەداوە، ئەوانیش، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، شبل زەیدی، ئەمینداری کەتیبەکانی ئیمام عەلی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەیە، پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ (2006-2014) سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ