رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ 8 کەس دەرکرد، کە بازرگانیکردنیان بە مادەی هۆشبەر کردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو 8 تۆمەتبارە لەکاتی دەستگیرکردنیاندا "600 هەزار حەبی هۆشبەریان پێبووە، کە لە ماددەکانی (ئەمفیتامین و کافایین) پێکهاتبوون."
ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، سزاکە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 27ـی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان (ژمارە 50ـی ساڵی 2017) دەرچووە.
هەروەها بۆ دەرکردنی سزاکە پشت بەستراوە بە ماددەکانی 47، 48 و 49ـی یاسای سزادانی عێراقی.
مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق روو لە زیادبوونە. بەگوێرەی ئاماری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پار دەست بەسەر 112 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 620 هەزار و 893 حەبی هۆشبەردا گیراوە. هەروەها 14 تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ