رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان بانگەشەکارانی کورد و تورکمان دروستبوو، دەنگی تەقەش بیسترا، بەڵام دواتر دۆخەکە بەبێ زیانی گیانی ئاسایی کرایەوە.
دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەکە، هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد. رووداوەکە لە گەڕەکی کوردستانی پردێ بووە، کە گەڕەکێکی کوردنشینە.
بەرەی تورکمانی داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات ئارامیی دۆخەکە بپارێزن. هەروەها جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرپەرشتیاری کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوایان کرد هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن.
ئەرشەد ساڵحی: ئەوانەی کێشەکەیان دروستکردووە لە ئێمە نین
ئەرشەد ساڵحی، سەرلیستی بەرەی تورکمانی، درەنگی شەوی رابردوو چووە پردێ و لەنێو لایەنگرانی خۆیەوە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد.
سەرلیستی بەرەی تورکمانی گوتی، "لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی قسەم کردووە و پێیانم گوتووە ئەو کەسانەی ئاڵۆزییان دروست کردووە، لایەنگری ئێمە نین. لەنێو پۆلیسدا کەسێک هۆکار بووە بۆ زیادکردنی ئاڵۆزییەکان."
هەر درەنگی شەوی رابردوو، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای دان بەخۆداگرتنی کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، پەیوەندییان بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بەرپرسانی حزبیی شارۆچکەکەوە کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە بە رووحیەتی بەرپرسیارێتی و بە عەقڵ و لۆژیکەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت.
پارتی لە کەرکووک: لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن، شەوی رابردوو، ئاگاداری هەڤاڵانی خۆمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی تووندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێت."
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتیدا هاتووە، "لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز (محەممەد سەنعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت."
پارتی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، رێکاری یاسایی بۆ رێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنە بەر. "هاووڵاتییانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. داوا دەکەین، رووحی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و تووندوتیژی."
بەربژێرێکی کورد: تورکمانەکان هاتنە گەڕەکی کوردستان
زۆزک شێخ لەتیف، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە بازنەی کەرکووک، ئەو لەکاتی رووداوەکەدا لە پردێ بووە و لەوبارەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "گەڕەکی کوردستان لە پردێ، سەد لە سەدی کوردە، بەڵام چەند گەنجێکی تورکمان کە پێموایە لە دەرەوەی پردێ هاتبن، چوونە نێو گەڕەکەکەوە و بانگەشەکارانیان دنە دەدا."
زۆزک شێخ لەتیف گوتیشی، "ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردنداین، هەمووان ئازادن چۆن بانگەشە دەکەن، بەڵام نابێ بگاتە پشێوی. "بەڵام خەڵک هەن لە دەرەوەی پردێ دێنە ئێرە بۆ ئەوەی نان و ئاوێک بخۆن."
ئەو بەربژێرە کوردە ئاماژەی بەوەکرد، "گەنجانی کورد بە هیچ شێوەیەک پەنایان بۆ تووندوتیژیی نەبردووە و ئەو تورکمانانەشی ئەو کارەیان کردووە، نوێنەرایەتیی تورکمانی پردێ ناکەن."
ئاسۆ مامەند: چەند کەسێکی سەر بە لایەنی ناسراو هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدان
ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکووک-سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "دوو-سێ رۆژە، چەند کەسێکی سەر بە چەند لایەنێکی ناسراو لە شارۆچکەی پردێ لە هەوڵی نانەوەی پیلان و ئاژاوەگێڕیدان و دەیانەوێت بە بیانووی جۆراوجۆر دۆخی سەقامگیریی سنوورەکە تێکبدەن!"
ئاسۆ مامەند گوتی، "هاووڵاتییانی خۆشەویستی کەرکووک، بەتایبەتی خوشک و براکانمان لە پردێ، دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت لەژێر هیچ ناو و ناونیشانێکدا دۆخی ئارامیی کەرکووک تێکبدات. بە پێچەوانەوە، رێوشوێنی یاسایی دژی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە بیانەوێت هەوڵی پیلانگێڕی یان ئاژاوەگێڕی لە سنوورەکەدا بدەن."
13 بەربژێری یەک حیزب پێکەوە کشانەوە
13 بەربژێری حیزبی عێراق بۆ چاکسازی، لە بەغدا کشانەوەی بەکۆمەڵی خۆیان راگەیاند لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
حیزبی عێراق بۆ چاکسازی، ئەم ساڵ دامەزراوە و لەلایەن عەبدولـلەتیف شەممەرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. سەرەتا بە زیاتر لە 70 بەربژێرەوە چووە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام دواتر ژمارەیەک لەو بەربژێرانە کشانەوە تاوەکو ژمارەیان گەیشتە 13 بەربژێری کشاوە.
پێنج لەو بەربژێرە کشاوانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان کرد و نوێنەرێکیان رایگەیاند، "بەڵێنێکی زۆری خزمەتیان بە خەڵک دابوو، بەڵام توانای جێبەجێکردنیان نییە، چونکە ئاراستەی حیزبەکە گۆڕاوە و ئامانجی تەنیا کۆکردنەوەی دەنگە نەک جێبەجێکردنی بەرنامەیەکەی بە کردەیی."
نەزار تاڵب عوبەیدی، یەکێک لە بەربژێرە کشاوەکان گوتی، کاتێک ئەوان پەیوەندییان بە حیزبەکەوە کرد "پێیان وابوو ئامانجەکانی جیاوازە لە فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە، بەڵام دواتر "بۆیان دەرکەوت کە بەڵێنی درۆ دەدات و راستییەکان دەشێوێنێت، ئەمەش وای لێکردن بڕیاری کشاندنەوە بدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ