رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هیچ پلەدار و فەرماندەی سەربازی بەربژێرنین، یاسای هەڵبژاردن رێگەنادات کەسانی ئەمنی بکرێنە بەربژێر و 8 بەربژێریش بەوهۆیەوە دوورخرانەوە.
رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند:" هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسای هەموارکراوی ساڵی 2023 بەڕێوەدەچێت، لەم یاسایەدا باس کراوە کەسی ئەمنی و سەربازی نابێت خۆیان بەربژێر بکەن."
لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی کوردستان کار بەیاسای 1992ـی هەڵبژاردن کرا، کاتی هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کارا نەبوو. لەو یاسایەدا لە هیچ شوێنێک باسی ئەوە نەکراوە، کەسی ئەمنی و سەربازی ناتوانن خۆیان بەربژێر بکەن، بۆیە لەو هەڵبژاردنەدا کەسی ئەمنی و سەربازیش خۆیان بەربژێر کرد و هەندێکیان دەرچوون.
زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رکابەری دەکەن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "8 بەربژێر بەهۆی ئەوەی هێزی ئەمنی و سەربازی بوون، دوورخرانەوە."
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، نابێت بەربژێر ئەندامی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت، بەڵام ئەو مەرجە کارمەندانی مەدەنیی ئەو دامەزراوانە ناگرێتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 11My تشرینی دووەمی 2025 بکرێت. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ