رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی تەقینەوەیەک لە پارێزگای بەسرە، پیاوێک گیانی لەدەستدا و خوشکەکەی بریندار بوو.
عەقید عەزيز هاشم، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بەسرە رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ناوچەی ئەرتاوی بەسرە، تەنێکی پاشماوەی جەنگ تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە مەڕدارێک گیانی لەدەستداوە و خوشکەکەی برینداربوو.
ناوچەی ئەرتاوی، دەکەوێتە باکووری قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق. گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بەسرە گوتی، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی داد کراوە و خوشکەکەشی بۆ چارەسەر گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
بەپێی روانگەی مینە زەوینییەکان "لاند مین مۆنیتەر"، عێراق یەکێکە لە پیسترین وڵاتانی جیهان بە مینی چێندراو، جگە لە پیسبوون بە پاشماوەی جەنگی و تەقەمەنی هێشوویی.
کێڵگەکانی مین لە سنووری نێوان عێراق و ئێران بڵاوبوونەتەوە، هەر لە پارێزگای دیالەوە تاوەکو سلێمانی و میسان و بەسرە و هەولێر، ئەوەش بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری رووبەڕی زەوی پیسبوون.
مستەفا حەمید، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق رۆژی شەممە، 23-12-2023، بە رووداوی راگەیاند، تائێستا زیاتر لە 2,100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تەواوی عێراق ماوە پاکبکرێتەوە لە کۆی زیاتر لە 6,450 کلیۆمەتر چوارگۆشە کە لە 2003 دیاری کرابوو، بەم شێوەیە 57% رووبەری زەوی لە پاشماوەی جەنگی پاککراونەتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق گوتیشی، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو پرۆگرامەیان تائێستا زیاتر لە 30 هەزار قوربانی پاشماوەکانی جەنگ بە مردن و برینداربوون تۆمارکراون. بەرنامەیەکیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی قوربانییەکان کە وەزارەتی تەندروستی پێویستی تەندروستیان بۆ دابین دەکات، هەروەها زەویی نیشتەجێبوون و مووچەیان پێدەدرێت و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ