رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی تارمیەی پارێزگای بەغدا، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ ئاشکراکردنی راستیی کوژرانی سەفا مەشهەدانی دەکرێت.
نووسینگەی سەفا مەشهەدانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە کاژێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، گردبوونەوەیەکی فراوان لە قەزای تارمیە بکرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دواکەوتنی ئاشکراکردنی راستییەکانی تیرۆرکردنی مامۆستا سەفا مەشهەدانی." هەروەها گوتی، گردبوونەوەکەیان بۆ گوشارکردنە سەر حکومەتە تاوەکو بە زووترین کات تاوانباران و سەرە گەورەکەی ئەو تاوانە ئاشکرا بکات.
رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 سەفا مەشهەدانی، بەربژێر لە هاوپەیمانی سەروەری لە ناوچەی تارمیەی بەغدا بەهۆی لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا، چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
خۆپیشاندانەکە لەسەر پێشنیازی "جەماوەر و لایەنگرانی سەفاح حیجازی مەشهەدانی" و "چین و توێژە جیاوازەکانی هۆزەکان" لە شەقامی بەنزینخانەی قەزاکە دەکرێت.
نووسینگەی سەفا مەشهەدانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداری بکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئامادەبوون و هەڵوێستیان شانازییە بۆیان." هەروەها دەڵێت، خۆپیشاندەران پرسیاریان لەبارەی هۆکاری "ئەم هەموو بێدەنگییە" لەسەر دۆسیەکە دەکەن و داوای "خێراکردنی ئاشکراکردنی راستییە سیاسییە شاراوەکان"ـی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 23-10-2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە زاری دادوەری تایبەتمەندی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغدا رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دوو تۆمەتبار بەشدارییان لە تاوانەکەدا کردووەو دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە، کە رۆڵی سەرەکییان لە جێبەجێکردنی رووداوەکەدا هەبووە و ئەوەش لە رێگەی بەڵگەی تەکنیکی و شیکردنەوەی تۆماری کامێراکانی چاودێرییەوە سەلمێندراوە."
ئەو دادوەرە روونی کردووەتەوە، "لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە رووداوەکە تاوانکارییە و پەیوەندی بە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە هەیە لەنێوان خەڵکی یەک ناوچەدا، هەروەها رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تۆمەتباران بەپێی یاسا گیراوەتەبەر."
رۆژی چوارشەممە 22-10-2025،، قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی بەشی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ و بە هاوکاری ئاسایشی حەشدی شەعبی توانرا پێنج کەس دەستگیربکرێن ، تۆمەتبارن و تێوەگلاون لە دۆسیەی کوشتنی سەفا مەشهەدانی."
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای کرد، "ئەو 5 کەسە ئەندامی حەشدی عەشایەرین و دانیشتووی تارمییەن، لەلایەن ئاسایشی حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کران و رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراون."
سەفا مەشهەدانی جگە لەوەی بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بوو، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ