رووداو دیجیتاڵ
کۆی ئەو بەربژێرانەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە پێبژاردن سزادراون گەیشتە 580 بەربژێر، 96 لە بەربژێرانی سزادراو ژنن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" تاوەکو رۆژی دووشەممە 27ی تشرینی دووەم، تێکڕای ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلی رێنمایی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "419 لەو بەربژێرانەی کە دوای دەستپێکی بانگەشە سزا دراون پیاو بوون و، 96ـەکەی دیکە بەربژێری ژن بوون."
بە گوتەی جومانە غەلای، 65 لەو بەربژێرانە پێش دەستپێکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن سزا دراون.
سزاى پێبژاردنى کۆمیسیۆن بەگوێرەی رێکارەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنە کە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات، زۆرترین پێشێلکارییەکان هەڵواسینی وێنە و پۆستەرە لەو شوێنانەی کە رێپێدراو نین.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی خولی شەشەمی پەرلەمانى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ