رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی زیقار بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەرەی بایکۆت و بەرەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پۆستەری بانگەشەیان هەڵواسیوە، لایەنگرانی رەوتی نیشتمانیی شیعەش بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر پۆستەرەکانیان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنە.
نەجم غازی، شرۆڤەکارى سیاسی دەڵێت، "لەم هەڵبژاردنەدا جۆش و خرۆش کەمە، بەتایبەت بەهۆى بەشدارینەکردنی سەدرییەکان، هەروەها جۆرێک لە ساردبوونەوە لە هەڵبژاردن هەیە، بەهۆی بێ متمانەیی بە پرۆسەی سیاسی وەک شێوازێک بۆ هێنانەکایەى گۆڕانکاری لە وڵات."
بایکۆتکردنی سەدر رێگەی بۆ 17 لیستی دیکەی شیعە لە زیقار خۆش کردووە رکابەری لەسەر 19 کورسیی پشکی پارێزگاکە بکەن بۆ پەرلەمان.
زۆربەى ئەو لیستە شیعانەى لەو پارێزگایە بەشدارن، ئەوانەن کە رکابەرى سەرەکیى رەوتەکەى سەدرن.
حوسێن عامل، رۆژنامەڤان گوتى، "دیمەنی هەڵبژاردن رەنگدانەوەی دۆخە سیاسییەکەیە، بەگشتی لەنێوان لایەنگرانی هەڵبژاردنەکان، کە زیاتر لە 500 بەربژێر لە لیست و هاوپەیمانییە جیاوازەکان لە زیقار هەن، لەگەڵ ئەوانی دیکە کە ویستیان بۆ بایکۆت هەیە."
لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا 31%ی دەنگدەرانی زیقار بەشدار بوون.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر لەو پارێزگایە دەتوانن بەشدار بن.
فەلاح موسەوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە زیقار گوتى، "مەشقپێکردنی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانمان بە دوو قۆناخ تەواو کردووە، کە 12 هەزار کارمەندن. هەموو ئامادەکارییە کارگێڕی، تەکنیکی و لۆجستییەکانمان کردووە بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی 11-11-2025."
ئەمە دووەم هەڵبژاردنە لە عێراق کە رەوتەکەی موقتەدا سەدر لەدوای 2023وە بایکۆتی بکات، لە پاش ئەوەی لە 2022 دەستبەرداری بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ