رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، نزیکەی 4000 خێزان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووکن و دەتوانن بۆ هەڵبژاردن بگەڕێنەوە.
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00، کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکرد، رایگەیاند، ژمارەیەک لە خێزانەکانی سەلاحەدین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووکن، هەموو هەڵبژاردنێک کار بۆ گەڕانەوەیان دەکەن تاوەکو بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین خستنیەڕوو، "لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 200 خێزان، لە سلێمانی زیاتر لە 400 خێزان، لە گەرمیان نزیکەی 500 خێزان و لە کەرکووک 2000 خێزانی خەڵکی سنووری سەلاحەدین هەن."
سەبارەت بە هاوکاریکردنی دەنگدەرانی بۆ گەڕانەوە، یاسین داوودی گوتی، "هاوکارییەکان هاتووچۆکردن و شوێنی مانەوە لەخۆدەگرێت، تاوەکو بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەشدارییان گرنگە."
باسی لەوەش كرد، "لەکاتی گەڕانەوە بۆ ناوچەکان، هیچ کەسێک گرفتی بۆ دروست ناکرێت، هاتووچۆکردن لەنێوان پارێزگاکان ئاسایی دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن بگەڕێنەوە."
کورد لەم هەڵبژاردنەدا لە سەلاحەدین لیستی سەربەخۆی نییە، بەڵکو بەربژێری لەنێو لایەنە عێراقییەکاندا هەیە. یاسین داوودی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، دەنگی کورد لەو ناوچانەدا کەمن و ناگەنە کورسی.
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا چاویان لە دەنگی ئەو خێزانانەیە کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن و تۆماری دەنگدانیان لە سەلاحەدینە.
بەپێی ئامارێکی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بە رووداو دراوە، لە هەرێمی کوردستان 855 هەزار و 246 ئاوارە و پەنابەر هەن، کە دەکاتە 198 هەزار و 133 خێزان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ