رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری بزووتنەوەی نوجەبای شیعە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و هەردوو نوێنەرەکەی بۆ عێراق، سووریا و لوبنان، عێراق بە هەویرێک دەبینن بە دەستیانەوە کە بە ئارەزووی خۆیان هەڵیبگێڕنەوە.
لە 28ی کانوونی دووەمی 2026، ئەکرەم کەعبی راگەیێندراوێکی بەرامبەر لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دژی بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بڵاوکردەوە.
ئەکرەم کەعبی رایگەیاند، ناکرێت بێدەنگ بن لەبارەی ئەوەی بە دەستوەردانی ئەمریکا لە عێراق ناوی بردووە و دەڵێت: "ناکرێت بێدەنگ بین لە بەزاندنی بەردەوام و دووبارەی سەروەریی عێراق."
ئەمینداری بزووتنەوەی نوجەبا داوای کرد، پەلە بکرێت لە پرسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانیان لە بنکەکان و دەڵێت: "زانیاریمان هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا دوای کشانەوە، لەژێر ناوی هێزی سەر بە ناتۆ دەمێننەوە، ئێمە وەک گرووپی موقاوەمە جیاوازی لە نێوان هیچ هێزێکی بێگانە لەسەر خاکی عێراق ناکەین."
بزوتنەوەى نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی موقاوەمە کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
ئەکرەم کەعبی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نوێنەرانی لە عێراق، سووریا و لوبنان بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "وەک ئەوە وایە عێراق هەویرێک بێت بە دەستیانەوە و چۆن بیانەوێت هەڵی دەگێڕنەوە."
شەوی 17ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی"، ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ