رووداو دیجیتاڵ
بایکۆتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، رێگەی خۆشکرد ،نزیکەی 20 قەوارە و لیستی سیاسی کە نوێنەرایەتیی گرووپە چەکدارەکان دەکەن، بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن و لە رکابەری توونددان لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان.
زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شیعە پێشبینییان دەکرد سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بکات، بەشداری ئەو هەلی گرووپە چەکدارەکانی کەمدەکردەوە بەهۆی کاریگەرییەکەی لە ناوچەکەی و لە عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر پێداگری لە بایکۆت کرد و رەخنەشی لەوانە گرت "پێچەوانەی بڕیاری بایکۆت"، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردووە.
سەدر داوای لە لایەنگرانی کردبوو بەهۆی "گەندەڵی" و بوونی "میلیشیاکان" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن، تەنانەت کار گەیشتە ئاستێک رۆژی 13ـی 10ـی2025 سەدر داوای بایکۆتکردنی 78 ئەندامی رەوتەکەی کرد کە خۆیان لە لیستە جیاوازەکاندا بۆ هەڵبژاردنی عێراق بەربژێرکردووە و بە "یاخیبووان لە ئالی سەدر" ناوی بردن.
سەرەتای بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردن
یەکەمجار دوای پاشەکشەی پارتە شیعەکانی وەکو "دەعوە" و "ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی"، گرووپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان تاقیکردەوە، بەڵام بەشدارییان لە هەڵبژاردن و لەنێو پرۆسەی سیاسی، دوای شەڕی دژی داعش (2014 - 2017) زەقتر بووەوە، تێیدا لایەنگری ئەو گرووپانە بەهۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا زیاتر بوو، دروشمیشیان سەرکەوتن بوو بەسەر داعشدا لەکاتێکدا ئەو رۆڵە زیاتر سوپای عێراق و پێشمەرگە بینیان.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014، گرووپە چەکدارەکان نزیکەی 45 کورسییان بەدەستهێنا، زۆربەیان لە چوارچێوەی لیستی "فەتح" بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر بەربژێر بوون، بەڵام لە ساڵی 2021، ژمارەی کورسییەکانیان بۆ نزیکەی 50 کورسی بەرزبووەوە، ئەمەش دوای کشانەوەی سەدرییەکان بوو لە پەرلەمان لە هاوینی 2022، کە خاوەنی 73 کورسی بوو.
هاتنی ئەو گرووپانە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی بەردەوام جێگەی مشتومڕ بووە، چونکە پێیەکیان لەنێو پەرلەمان و پێیەکی دیکەیان لە هوتاف و درووشم بووە دژی وڵاتان، سیاسەتێک حکومەتی عێراق پشتیوانی نەکردووە.
کشانەوەی سەدر بووە دەرفەت بۆ گرووپە چەکدارەکان
بەهۆی کشانەوەی سەدرییەکانەوە، کورسییەکانی قەیس خەزعەلی، سەرۆکی "عەسائیب"، خەزعەلی پێچەوانەی لایەنەکانی دیکەی شیعە ئەمجارە بە لیستێکی سەربەخۆ بە ناوی " سادقون" بەشدارە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی عێراق، سەرۆکی گرووپی "جوندولئیمام"ـە، 6 کورسی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی رابردوو، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، 5 کورسی مسۆگەر کرد. هەروەها بۆ یەکەمجار، کەتائیبی حیزبوڵڵا لە رێگەی کوتلەی "حقوق"ـەوە بووە خاوەنی 7 کورسی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە کۆتایی ساڵی 2023دا سەدر بایکۆتی کرد، گرووپە چەکدارەکان نزیکەی 50 کورسییان لە پارێزگاکان بەدەستهێنا و "عەسائیب" بۆ یەکەمجار توانی پۆستی پارێزگاری بابل وەربگرێت.
دوای شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، نێوبانگی ئەم گرووپانە جارێکی دیکە بەهۆی هێرش و هەڵوێستیان بۆ سەر ئیسرائیل دەرکەوتەوە، هەرچەندە چەندین جار هێرشەکانیان راگرت، لەماوەی نزیکەی یەک ساڵی رابردووشدا ئەو بەرەیەی پێکیان هێنابوو بە ناوی " مقاوەمە" هێرشەکانی راگرت و لە لێدوان و هەڵوێستیشدا پاشەکشەیان کرد.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند رۆژێک دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەغدا و ئەنبار رایگەیاندبوو: "چیدیکە مانایەک بۆ بوونی گرووپە چەکدارەکان نامێنێتەوە." خالید یەعقووبی، راوێژکاری ئاسایشی سوودانی، مانگی رابردوو رایگەیاند، "حکومەت کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی کردووە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 20ـی 10ـی 2025 لە گفتوگۆی لەگەڵ لێکۆڵینڤان و ژمارەیەک رۆژنامەڤان رایگەیاند: "دوو بژاردە لەبەردەمیانە، یان بچنە نێو دامەزراوە ئەمنییەکان، یان نێو پرۆسەی سیاسی.'' سوودانی کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە دەڵێ: "لەسەر ئەم رێچکەیە رێککەوتووین و لە جێبەجێکردنیدا بەردەوامین".
گرووپە چەکدارە بەشداربووەکان کێن؟
دیارترین ئەو گرووپانەی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن "کەتائیبی حیزبوڵڵا"یە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی، لە سەرەتای ئەم مانگەدا "ئەبو عەلی عەسکەری"، گوتەبێژی سەربازیی گرووپەکە رایگەیاند، پشتگیری لە کوتلەی "حقوق" دەکەن، ناوی "کەتائیب" پێشتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تۆمەتی رفاندنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی-رووسی، هاتبوو کە مانگی ئەیلوولی رابردوو بە شێوەیەکی نهێنی ئازاد کرا.
هەروەها لیستی "خەدمات"ـی سەر بە شیبل زەیدی، سەرۆکی "کەتائیبی ئیمام عەلی"، بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردندا بەشدارە، لەگەڵ ئەوانەشدا، "سادقون" بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و "رێکخراوی بەدر" بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بەشداری دەکەن، بەڵام ئەمجارە "بەدر" بە تەنیا بەشداری دەکات.
هەندێک گرووپی دیکەی چەکدار لە چوارچێوەی لیستی گەورەتردا بەشدارن، لەوانە کوتلەی "مونتەسیرون"ـی سەر بە ئەبو ئالا وەلائی، بەرپرسی "کەتائیبی سەییدولشوهەدا"، کە لەناو هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی دایە.
چوار گرووپی چەکدار بە ئاشکرا لیستیان هەیە
یەکەم: لیستی "خەدەمات"ـی سەر بە شیبل زەیدی، سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلی، یەکێکە لەو لیستانە بە ئاشکرا و بێ پەنابردنە لیستی سێبەر، خۆیان راگەیاندووە، لە حەوت پارێزگای عێراق بە بەغدای پایتەختەوە لە بەسڕە، قادسییە، موسەننا، نەجەف بابل و زیقار بە 313 بەربژێر بەشدارن.
دووەم: لیستی "حقوق"ـی سەر بە ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی، سەرۆکی کەتائیبی حیزبوڵڵا، لە ریزبەندی دووەمدایە بە ئاشکرا و بێ پەنابردنە بەر لیستی سێبەر، بەربژێرانی راگەیاندووە، ئەوانیش بە بەغدای پایتەختەوە لە 10 پارێزگا بەربژێریان هەن، لە کەربەلا، بەسڕە، قادسیە، موسەننا، نەجەف، بابل، زیقار، میسان و واست بە 326 بەربژێر بەشدارن.
سێیەم: لیستی "رێکخراوی بەدر"ـی سەر بە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوەکە، سێیەمین لیستی ئاشکران بێ پەنابردنە بەر لیستی سێبەر، خۆیان راگەیاندووە، ئەم لیستە بە بەغدای پایتەخت و نەینەوای گەورەترین شاری سوننە لە 11 پارێزگای عێراق لە بەسڕە، قادسیە، موسەننا، نەجەف، بابل، دیالە، زیقار، کەربەلا و میسان بە 440 بەربژێر بەشدارن.
چوارەم: لیستی "سادیقون"ـی سەر بە قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلول حەق، چوارەم لیستی ئاشکرای لایەنی خاوەنی گرووپە چەکدارەکانە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە لیستی سێبەر بن. ئەم لیستە بە بەغدای پایتەختەوە لە 11 پارێزگای عێراق لە بەسڕە، قادسیە، موسەننا، نەجەف، بابل، دیالە، زیقار، کەربەلا، میسان و واست بە 412 بەربژێر بەشدارن.
ئەم چوار گرووپە چەکدارە 1491 بەربژێریان هەیە، نزیکەی 15 گرووپی چەکداری دیکەش وەکو سێبەر بەناوی هاوپەیمانییە جیاوازەکان لە لیستەکانی دیکەشی شیعەکاندا بەشدارن لە هەڵبژاردنەکان، ژمارەی بەربژێرانیان دەگاتە نزیکەی 450 بەربژێر، هەر زیادبوونێک لە کورسییەکانیان و سەرووی 50 کورسی دەیانکاتە خاوەن کارتی دانوستاندنی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق، بەگەیشتنیشیان بۆ 70 کورسی دەبنە خاوەنی کارتی یەک لەسەر سێی پەکخەر و چارەنووسی ئەنجوومەنی نوێنەران حکومەتیش دەکەوێتە دەستیان، هەرچەندە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بە هەمان شێوەی رابردوو هاوپەیمانی دەبێ و لەسەر بنەمای بەرنامە و داوای هەریەکە لە کورد، شیعە، سوننە پێکدێت.
ئەیلوولی رابردوو، هاوپەیمانییەک لە پارێزەرانی عێراقی، سکاڵایەکی فەرمییان بۆ راگرتنی تۆمارکردنی ئەو پارت و قەوارە سیاسییانە پێشکێش کرد کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە، بەپێی راگەیێندراوی هاوپەیمانییەکە، سکاڵاکە گرووپەکانی "بەدر"، "عەسائیب ئەهلی حەق"، "کەتائیبی ئیمام عەلی"، "کەتائیبی سەییدولشوهەدا"، "کەتائیبی بابلیون" و حەوت رێکخراوی چەکداری دیکەی گرتووەتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان نزیکەی 800 بەربژێری بەهۆی "کێشەی یاسایی" و "بەعسیبوون" دوورخستووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێکی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ گرووپێکی چەکدار دوورنەخستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ