رووداو دیجیتاڵ
میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری سەربەخۆ و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێیوایە "هۆکاری مەزهەبی، هەوڵی پارچەکردنی بەغدا و پاشان وڵات هەیە لەپشت بەربژێرکردنی زۆربەی سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی هەڵبژاردن، چونکە بەغدا پایتەختی عێراقە." ئاماژەی بەوەش دا، "پرۆسەی هەڵبژاردن بە میکانیزم و ئەنجامەکانیەوە وێرانکەرە و هیچ گۆڕانکارییەک لە عێراقدا دروست ناکات."
ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی پارت و فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ژمارە یەک لە پایتەختی بەغدا بەربژێر کراون، ئەگەرچی بەشێکیان نیشتەجێی بەغدا نین.
حەوت سەرکردەی پارت و فراکسیۆنەکانی هەڵبژاردن لە بەغدا سەرلیستن، لەوێ ململانێیەکی تووند لەسەر کورسییەکانی پایتەخت هەیە و پێنج لەو بەربژێرانە نیشتەجێی بەغدا نین، بەڵام دوو بەربژێرەکەی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەن و لە بەغدا لەدایکبوون.
دیارترین سەرکردە سیاسییەکان کە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە بەغدا کێبڕکێ دەکەن بریتین لە:
- نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، خەڵکی قەزای هیندییە (توێریج)ی سەر بە پارێزگای کەربەلایە.
- محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، خەڵکی پارێزگای ئەنبارە.
- محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە بەغدا لەدایکبووە و خەڵکی پارێزگای مەیسانە.
- مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی.
- مەحموود قەیسی، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی عەزم، خەڵکی پارێزگای ئەنبارە.
- نەعیم عەبوودی، وەزیری ئێستای خوێندنی باڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون (عەسائیب ئەهلولحەق)، خەڵکی پارێزگای زیقارە.
- موحسین مەندەلاوی، جێگری ئێستای سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق، خەڵکی قەزای مەندەلیی سەر بە پارێزگای دیالەیە.
سیاسەتمەداری سەربەخۆ، میسال ئالووسی رایگەیاند کە "هۆکاری بەربژێرکردنی ئەم کەسانە وەکو سەرلیست بەغدا ئەوەیە کە پایتەخت نزیکەی 9 ملیۆن دانیشتووی هەیە و ئەمەش مانای وایە کە گەرەنتی بەدەستهێنانی 69 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات و، دەنگی دوو هەزار دەنگدەر مانای گەرەنتیکردنی دوو کورسیی پەرلەمان دەکات، ئەمەش گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات."
ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەم سەرکردە سیاسییانە کە وتاری مەزهەبیی پەسند دەکەن و پێشکێشی دەکەن، پێیانوایە کە سەرکەوتنێکی گەورە لە بەغدا بەدەست دەهێنن. ئەگەر سەرۆکی ئەم فراکسیۆنانە سەرکەوتنی خۆیان لە ناوچەکانی خۆیاندا گەرەنتی دەکەن، بۆچی شەڕ لەسەر کورسییەکانی بەغدا دەکەن؟"
ئالووسی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە "مەترسیدارترین شت لە بابەتەکەدا بەرزبوونەوەی دەنگی مەزهەبییە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە بە ئاشکرا دەبیستین ئەوانەی جەخت دەکەنەوە کە دەسەڵات بۆ شیعەیە و مەحاڵە هیچ سوننییەک لە عێراقدا دەسەڵاتدار بێت، لە بەرامبەر ئەمەشدا، سەرکردە سوننییەکان عێراق بە گشتی و بەغدا بەتایبەتی، بۆ ناوچە سوننی و شیعییەکان دابەش دەکەن."
ئالووسی لە قسەکانیدا گوتی، "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، بۆچی باسی دیموکراسی دەکەن و ملیۆنان عێراقی بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانەوە سەرقاڵ دەکەن، بۆ ئەوەی پێشتر دیاری بکەن کێ دەسەڵاتدار دەبێت و چی بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن هەیە، گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە ئێران بە ئاشکرا نیازی خۆی ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتی داهاتووی عێراق پێکدەهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ