رووداو دیجیتاڵ
تەرخانکردنی چواریەکی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ کۆتای ژن، ژنانی بێخەم نەکردووە لە کێبڕکێکردن لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی زیاتر، هەندێک لە ژنان باوەڕیان بە کۆتا نییە و هەوڵدەدەن بە دەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان، بەڵام هەندێکیان دەڵێن، هێشتا پەرلەمان پێویستی بە کۆتای ژنە.
کۆتای ژن لە پەرلەمان مسۆگەر بووە، بەڵام بەشێک لە ژنان لە خولەکانی پێشوو بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنی 2021 توانیان بە دەنگی خۆیان و بەبێ کۆتا بگەنە پەرلەمان، بۆ ئەم خولەش ژنە بەربژێرەکان باوەڕیان وایە بتوانن بەبێ کۆتاش دەربچن. بەشێکیان پێیانوایە کۆتا پێویستە و بەشێکیشیان لەگەڵ ئەوە نین کۆتای ژن هەبێت.
لە بڕگەی چواری مادەی 49ی دەستووری عێراقدا هاتووە: "یاسای هەڵبژاردن رێژەیەک بۆ بەشداربوونی ئافرەتان دادەنێت، بە جۆرێک لە چارەکی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کەمتر نەبێت."
ژنە بەربژێرێک: باوەڕم بە کۆتا نییە
هەرچەندە پەرلەمان 25٪ی کورسییەکانی بۆ کۆتای ژن تەرخان کردووە، بەڵام د.بوشرا کەریم، کە بەربژێری پارتییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "باوەڕم بە کۆتا نییە و حەزیش ناکەم بە کۆتا دەربچم."
ئەو بەربژێرەی پارتی پێیوایە:" ئەم هەڵبژاردنەش ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەبێ کۆتا دەگەنە پەرلەمان. دەشڵێت: "متمانەم بە خۆم هەیە بەبێ دەنگی کۆتا دەربچم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کۆتای ژنان نیم، چونکە پێموایە خێرە بە ژنان دەکرێت."
لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژنان ئەو رێژەیان (25٪) تێپەڕاند و گەیاندیانە نزیکەی 29٪.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا 95 ژن (53 بەبێ کۆتا و 40 بە کۆتا) دەرچوون. پارێزگای سلێمانی لە دەرچوونی ژنان بەبێ کۆتا ریکۆردی تۆمار کرد، بە جۆرێک حەوت بەربژێری ژن بەبێ کۆتا گەیشتنە پەرلەمان، لە کاتیکدا پشکی پارێزگای سلێمانی لە کۆتای ژن، پێنج ئەندامە.
لە دوای سلێمانی زۆرترین ژن کە بەبێ کۆتا گەیشتبنە پەرلەمان لە بازنەی بەغدا بوو، کە 13 ژن بوون، لە نەینەوا شەش بەربژێری ژن و لە زیقاریش چوار بەربژێری ژن بەبێ کۆتا دەرچوون. لە میسان و سەلاحەدین هیچ بەربژێرێکی ژن بەبێ کۆتا دەرنەچوو.
سەبارەت بە کورسیی پێکهاتەکانیش (کریستیان، سابینەی مەندائی، کوردی شەبەک، ئێزدی و فەیلی) کە 9 کورسییان لە پەرلەمان هەیە تەنیا دوو بەربژێری ژن دەرچوون، هەردووکیشیان لە پێکهاتەی کریستیان بوون.
بەربژێکی ژن: کۆتا جارێ پێویستە
سندووس عەلی، بەربژێری رەوتی هەڵوێستە لە بازنەی هەولێر پێیوایە لە کۆمەڵگەیەکی وەکو عێراق کۆتا نەک هەر پێویستە، بەڵکو رێژەکەشی کەمە. ئەو بەربژێرە بە رووداوی گوت: "تاوەکو کۆمەڵگە وا بیربکاتەوە کە پیاو دەنگ بە کێ دەدات و هاوژینەکەشی دەبێت دەنگ بەو کەسە بدات، کۆتای ژن لە هەڵبژاردنەکان پێویستە."
بەربژێرەکەی رەوتی هەڵوێست حەز دەکات بە دەنگی خۆی دەربچێت و پێویستی بە کۆتا نەبێت. سندووس عەلی گوتی: "لەو باوەڕەدام پێویستم بە کۆتا نەبێت، بەڵام دواجار هەڵبژاردن پڕە لە سورپرایز."
ئەگەر کۆتای ژنان لە پەرلەمان نەبووایە، ئێستا تەنیا 16٪ی ئەندامانی پەرلەمان ژن دەبوون، بۆیە بەشێک لە ژنان پێیانوایە هێشتا کۆتای ژن پێویستە.
نەجیبە نەجیب، بەربژێری پارتی لە دوو خولدا بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا گەیشتووەتە پەرلەمان بە رووداوی گوت، "دانانی ئەو رێژەیە بۆ کۆتای ژن باش بوو، چونکە ئەوکات باوەڕی بە توانای ژنان نزیکەی سفر بوو، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێستا بۆ 60٪ بەرزبووەتەوە، من لەگەڵ کەمکردنەوەی رێژەکە دام، نەک نەهێشتنی."
سەبارەت بە دەرچوونی لەم خولەدا بەبێ کۆتا، نەجیبە نەجیب گوتی: "ئەوەندەی تێبینم کردووە، خەڵک زیاتر متمانەیان بەو بەربژێرانەیە کە ئەزموونی کاری پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو متمانەیەی خەڵک بە توانای ئێمە هەیانە، ببێتە ژمارە، ئەمجارەش بەبێ کۆتا دەردەچم."
ئەو ژنانەی (بەکۆتا و بێ کۆتا) لە خولی رابردوو دەرچوون:
هەولێر: 3 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
ئەنبار: 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
بەسرە: 3 بەربژێر بەبێ کۆتا و 3 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
سلێمانی: 7 ژن بە بێ کۆتا سەرکەوتن
قادسیە: 1 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
موسەننا: 1 بەربژێر بە بێ کۆتا و 1 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
نەجەف: 1 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
بابل : 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
بەغدا: 13 بەربژێر بە بێ کۆتا و 6 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
دهۆک: 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
دیالە: 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
زیقار: 4 بەربژێر بە بێ کۆتا و 1 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
سەلاحەددین: 3 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
کەربەلا: 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 2 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
کەرکووک: 2 بەربژێر بە بێ کۆتا و 1 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
میسان: 3 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
نەینەوا: 6 بەربژێر بە بێ کۆتا و 4 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
واست: 3 بەربژێر بە بێ کۆتا و 1 بەربژێر بە کۆتا سەرکەوتن
پێکهاتەکان: 2 بەربژێری ژن سەرکەوتن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ