رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و سوننە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و سوننە لەسەر پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 29-10-2024، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی دەستیپێکرد.
ئەندامەکەی پەرلەمان گوتی، مادەی یەکەمی پرۆژەیاساکەی حکومەت هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی لەخۆگرتبوو، بەڵام پێشنیازەکەی لیژنەی یاسایی کە داواکاری کوردە، بڕیارەکانی زیادکردووە بۆ 18 بڕیار.
سوننەکان دەڵێن، پێویستە دەنگ لەسەر پڕۆژەکەی حکومەت بدرێت، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەخت لەسەر پڕۆژە هەموارکراوەکە دەکەنەوە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، گفتوگۆیەکی تووند و گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و عەرەبی سوننە دروستبووە، بەو هۆیەوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە؛ چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.
پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140 بۆ کورد و تورکمان بگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ