رووداو دیجیتاڵ
13 بەربژێری سابیئەی مەندائی رکابەری بۆ تاکە کورسییەکەیان دەکەن لە بەغدا و بەربژێرێکی دیکەشیان لە نێو لیستێکدا کار بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی گشتی دەکات، بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی ئەو پێکهاتە ئایینییە، نزیکەی 60 هەزار کەسیان لە عێراق ماون.
تاکە کورسیی کۆتای سابیئەی مەندائی بۆ پەرلەمانی عێراق لە بەغدایە، 13 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییە بەربژێر کردووە.
غانم هاشم، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی سابیئەی مەندائی بە رووداوی راگەیاند، سابیئەکان لە 10 پارێزگای عێراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەن، زۆربەیان لە بەغدا و میسانن.
جگە لە 13 بەربژێرەکەی کۆتایی سابیئەی مەندائی لە بەغدا، بەربژێرێکیان لە نێو لیستی (ئەبشەر یا عێراق) لە هەمان پارێزگا بەشداری کردووە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی گشتی.
غانم هاشم رایگەیاند، ئێستا نزیکەی 60 هەزار لە شوێنکەوتووانی سابیئەی مەندائی لە عێراق هەن، لە کاتێکدا بەر لە ساڵی 2003 ژمارەیان زیاتر لە 250 هەزار کەس بووە، بەڵام کۆچیان کردووە.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا سابیئەکان هەشت بەربژێریان هەبوو، بە هەر هەشت بەربژێرەکە 12 هەزار و 133 دەنگیان بەدەستهێنا. ئوسامە کەریم بە بەدەستهێنانی 4301 دەنگ تاکە کورسی سابیئەکانی لە پەرلەمان بە دەستهێنا.
هەروەها بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2023 لە عێراق، چوار بەربژێری سابیئەی مەندائی رکابەرییان کرد لەسەر بەدەستهێنانی تاکە کورسیی کۆتای ئەو پێکهاتەیە لە میسان. هەر چوار بەربژێرەکە 3141 دەنگیان بەدەستهێنا و ریاز عەبدولواحید شەلاکە بە 1300 دەنگ کورسیی کۆتایی سابیئەی لە میسان بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، دەنگدەران لە هەر پارێزگایەک بن دەتوانن دەنگ بە بەربژێری کۆتاکان بدەن لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ