هەسەدە بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێک لە مەسکەنە رادەگەیێنێت

07-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە شاری مەسکەنەی ناوچەی منبجی سەر بە پارێزگەی حەلەبی باکووری سووریا، بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی داوەتەوە. 
 
هەسەدە، ئەمڕۆ (شەممە، 7-12-2024) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی تەبقە بەرپەرچی هێرشەکانی داگیرکاری تورک و گرووپە بەکرێگیراوەکانیان بۆ سەر شاری مەسکەنە، لەسەر رێگەی حەلەب و تەبقە دایەوە."
 
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، "لە سێ بەرەوە شەڕ و پێکدادانی سەخت هەیە."
 
ئەو گرووپە چەکدارانە ئەوانەن کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دادەنێن و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن. سەرەکیترینیان، "سوپای نیشتمانیی سووریا"ـیە کە پێشتر ناوی "سوپای ئازادی سووریا" بوو. 
 
دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە 25 تشرینی دووەم، لەژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی دووژمنکاری،" دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا کرد و چەندین ناوچەیان لە حەلەب کۆنترۆڵکرد، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە 30ـی هەمان مانگ بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی گزنگی ئازادی" دەستیان بە هێرش کرد و سەرنجی سەرەکییان خستە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان. 
 
گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا پێشتر دوژمنایەتییان لەگەڵ هەتەشە هەبووە. 
 
دوای گەمارۆدانیان، شەڕڤانان بە رێککەوتن لە شاری تەلڕەفعەتی ناوچەی شەهبای حەلەب کشانەوە و ئەو گرووپە چەکدارانە کۆنترۆڵیان کرد. 
 
رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، مەترسی هەیە تورکیا ئەو گرووپە چەکدارانە هانبدات "ئاشووب" لە نێوان کورد و عەرەب بنێنەوە. 
 
رامی عەبدولرەحمان لە بوڵتەنی کاژێر 18:00ـی رووداو گوتی، "تورکیا ئێستا دەیەوێت ئاشووب لەنێوان کورد و عەرەب بنێتەوە، ئەمڕۆ بینیمان هاکان فیدان لەدوای کۆبوونەوەکان گوتی هەسەدە تیرۆریستن، ئێمە دەمانەوێت تورکیا واز لە دەستێوەردانەکانی لەنێو سووریا بهێنێت." گوتیشی "لەوە دەترسین؛ کورد لە سووریا بکەونە بەر پیلانگێڕیی حکومەتی تورکیا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە