سووریا
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە گۆڕەپانی ئومەوییوون لە نێوەڕاستی دیمەشق ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی سووریا لە قەتەر بە فەرمی "ئازادکردنی سووریا" و "رووخان"ی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رادەگەیێنێت.
لە راگەیێندراوێکدا بە ناونیشانی "راگەیێندراوی ئازادکردنی سووریا" کە ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریای لەسەرە، بالیۆزخانەکە دەڵێت: "بە پشتیوانیی خودا، مژدەی هەڵاتنی خۆری ئازادی و ئازادکردنی سووریا لە چنگی زۆرداری و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەرتووکی شکۆمەندی و مێژوو، بە ئێوە رادەگەیێنین."
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت: "رۆڵەکانی گەلەکەمان بۆ ماوەی چەندین دەیە بەرەنگاری ستەمی دەستەیەکی زۆردار بوونەوە کە دەستی لە پیسترین تاوان و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و لەنێوبردنی تواناکانی وڵات نەپاراست. بەڵام گەلی سووریا لە یەکەم رۆژی شۆڕشەوە قسەی خۆی کرد و لەسەر رێچکەی ئازاکردنی خاک و مرۆڤ بەردەوام بوو."
گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە مەڵبەندی سەرەکییان پارێزگەی ئیدلب و چەند ناوچەیەکی حەلەب بوو، لە 27ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایانگەیاند چوونەتە نێو حمس و دیمەشقەوە.
دوای 13 ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتە راگەیاند.
باڵیۆزخانەی سووریا لە قەتەر دەڵێت: "لەم رۆژە مێژووییەدا، رێز لە گیانی شەهیدە ئازادەکانمان دەگرین. سوپاسی خودا دەکەین کە رۆڵەکانمان لە گرتووخانەکان ئازادکران. پەیمان دەدەین کە قوربانیدانیان بەرپرسیارێتییەک بێت لە ئەستۆی ئێمەدا. هەروەها پەیام ئاراستەی هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریامان دەکەین کە رێگەی بەردەممان دوور و درێژ و سەختە. پێویستە دەست لەنێو دەست و شان بە شانی یەکدی، بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی وڵاتمان و بنیاتنانی داهاتوویەک کە شایەنی ئەم وڵاتە مەزنە بێت، لە ئەستۆ بگرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ