لە ئیزمیر دۆسیەیەکی تاوان لە دژی پەروین بوڵدان کرایەوە

01-02-2022
هێمن عەساف
نیشانەکردن پەروین بوڵدان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
داواکاری گشتیی کۆماریی ئیزمیر، دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دژی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان کردەوە. دۆسیەکەش ئەمڕۆ رادەستی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە کرا. 
 
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2022، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ئۆنور گەنجەر بکوژی دەنیز پۆیراز-ی ئەندامی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئیزمیر لە شەشەمین دادگای باڵای تاوانەکانی بایراکلیی ئیزمیر بەڕێوەچوو. 
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە دادگاکەدا گوتبووی: "ئەو کەسە لە منبج پەروەردە و راهێنانی پێکراوە. ئەندامی داعشە. ئێوە ناتوانن ئەوەندە بە ئارامی و بە ئاسوودەیی رەفتاری لەگەڵ بکەن. دەبێت ئێوە وەک بکوژێک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بەپێچەوانەوە ئێوەش هاوشێوەی ئەو، بکوژن". بۆیە داواکاری گشتیی ئیزمیر بە تۆمەتی ئەوەى  "گوتە و رەفتاری بۆ سوکایەتیپێکردن نیشانداوە" سکاڵایەکی بۆ لێپێچینەوە لە دژی پەروین بوڵدان تۆمارکرد.
 
هەروەها سکاڵا لە دژی ئەو کەسانەش تۆمارکرا، کە دیمەن و وێنەی دانیشتنەکەى دادگایان تۆمار کردبوو. 
 
داواکاری گشتیی کۆماریی ئیزمیر، دوای ئامادەکردنی دۆسیەی تاوان لە دژی پەروین بوڵدان، دۆسیەکەی گواستەوە داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە. 
 
ئۆنور گەنجەری تەمەن 27 ساڵ رۆژی 17ی حوزەیرانی 2021 کاژێر 11:05 خولەک لە شارۆچکەی کۆناک چووە نێو ئەو باڵەخانەیەی بارەگای هەدەپەی لێیە و تەقەی لە دەنیز پۆیراز کرد کە دایکی لە بارەگای هەدەپەی ئیزمیر خزمەتگوزار بوو و رۆژی هێرشەکە لە شوێنی دایکی چووبووە سەر کار.
 
ئۆنور گەنجەر دوای رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتی، ئامانجی ئەوە بووە چەند کەسێک بکوژێت و ئەگەر کەسی دیکە لە ژوورەوە بووایە تەقەی لە ئەوانیش دەکرد.
 
ئەو رووداوە کاردانەوەی پارتە سیاسییەکانی تورکیای لێکەوتەوە. میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ئەنجامیدا، حکومەت و سەرۆککۆماری تورکیای تۆمەتبار کرد.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیاربوو بە بەشداریی 40 کەس کۆبوونەوەیەک لەو بارەگایەی پارتەکەمان بکرێت، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا کۆبوونەوەکە دواخرا؛ ئامانجی بکوژەکە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بووە".
 
ئۆنور گەنجەر، بکوژی دەنیز پۆیراز لە سەرەتاکانی 2020 وەکو کارمەندی تەندروستی چووەتە منبج لە سووریا و لە مانگی نیسانی 2021 دەستی لەکارکێشاوەتەوە. رۆژێک دوای هێرشەکە لە 18ی حوزەیراندا خرایە زیندانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە