رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئیی پارتی داوا دەکات بەپەلە لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جێفری ئێپستین پێکبهێندرێت و دەڵێت، پێویستە روونبکرێتەوە ئایا هیچ منداڵێکی تورک لەو دۆسیەیەدا بووەتە قوربانی یان نا. جەختیش دەکاتەوە، "ئەمە پرسێکی مرۆڤایەتییە و لە سەرووی هەموو بابەتێکی سیاسییەوەیە."
بوغرا کاڤونجو، گوتەبێژی ئیی پارتی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتەکەی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەو بەڵگانە کرد کە لە میدیای جیهانیدا بە "لیستی ئێپستین" ناسراون و رایگەیاند، ئەو بەڵگانەی بە شێوەی هەڵبژێردراو بڵاودەکرێنەوە، توخمی تاوانی زۆر مەترسیداریان تێدایە.
کاڤونجو ئاماژەی بەوە کرد، لە نوێترین بەڵگەکاندا زانیاری و بانگەواز لەبارەی تورکیاوە هەن، "لەگەڵ ئاشکرابوونی بەڵگەکان، تۆڕێکی گەورەی جیهانیی بەدڕەوشتی و لادەر ئاشکرا دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی ئیی پارتی پەنجەی خستە سەر برینێکی کۆمەڵایەتی لە تورکیا و گوتی، بەتایبەتی دوای کارەساتە سرووشتییەکان پرسی ونبوونی منداڵان زوو زوو دێتە بەرباس، بەڵام دواتر لەبیر دەکرێن.
بوغرا کاڤونجو گوتی، "بۆ هەر منداڵێک کە بووەتە قوربانیی ئەو تۆڕە، هەست بە خەمێکی بێوێنە دەکەین، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە منداڵانی تورک کە لەژێر بەرپرسیارێتیی ئێمەدان، ببنە قوربانیی ئەم پێکهاتە ترسناکە، ناکرێت بێدەنگ بین و چاوەڕێ بکەین."
ئیی پارتی وەک هەنگاوی کردەیی، پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا. بەگوێرەی پێشنیازەکە، داوا دەکەن لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمان دابمەزرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایا هیچ منداڵێکی تورک لە دۆسیەی ئێپستیندا بووەتە قوربانی؟ ئەگەر هەن چارەنووسیان چی بووە؟ ئەگەر لە ژیاندا ماون و دەستیان پێیان دەگات، چۆن پرۆسەی پاراستنیان بۆ دابین بکرێت؟
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم پرسە بۆ لێدانی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراوە، کاڤونجو رەتیکردەوە هیچ پارتێکی سیاسی ئامانج بێت و رایگەیاند، سەرەتای رووداوەکە بۆ پێش ساڵی 2002 (پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاکپارتی) دەگەڕێتەوە.
گوتەبێژی ئیی پارتی لە کۆتاییدا هەڕەشەی سزادانی لە هەر کەسێک کرد کە دەستی لەگەڵ ئەو تۆڕەدا هەبووبێت و گوتی، "ئەگەر ئەم تۆڕە قێزەونە هاوکاری لە تورکیادا هەبێت، ئامادەین پشتگیریی تەواو بکەین بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە سزا بدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ