رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) رایدەگەیێنێت، تورکیا لەسەر هێڵێکی چالاکی بوومەلەرزەیە و ساڵانە نزیکەی 25 هەزار بوومەلەرزە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، گۆکهان یڵماز، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەسات لە ئافاد، لە "وۆرکشۆپی تەکیرداغی خۆڕاگر لە کارەسات" رایگەیاند، هەڵکەوتەی جوگرافیای تورکیا وایکردووە بوومەلەرزە ببێتە "راستییەکی نەگۆڕی وڵاتەکە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئافاد، تەنیا لە ساڵی روودانی بوومەلەرزە گەورەکەی 6ـی شوباتدا، زیاتر لە 70 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە تۆمارکراون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوای بوومەلەرزە 6.1 پلەییەکەی پار لە پارێزگای باڵکئەسیر، نزیکەی 30 هەزار پاشەلەرزە تۆمارکراون.
یڵماز ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ کارەساتەکان تەنیا ئەرکی دامەزراوەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیاریێتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە و گوتی: "ئامادەبوون بۆ کارەساتەکان یەکێکە لە بنەڕەتیترین ئەرکەکانی هاووڵاتیبوون."
سەبارەت بە هۆشیاریی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەرەکەی ئافاد گوتی: "بوومەلەرزە بەردەوام خۆی بیردێنێتەوە، بۆیە ناکرێت باسی لەبیرکردنی بوومەلەرزە بکەین. کێشەی سەرەکی لەبیرکردن نییە، بەڵکو گۆڕانکاریی هزرییە. ئەگەر نەتوانین ئەم گۆڕانکارییە دروست بکەین، لە داهاتووشدا رووبەڕووی ئازار و زیانی گەورە دەبینەوە."
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان، کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو، 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەریی بوومەلەرزەکان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ