دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە: بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی بە هەنگاوە سیاسی و یاساییەکانەوە بەندە

04-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای سەردانی شاندی ئیمرالی بۆلای ئۆجەلان، دەم پارتی رایگەیاند، رێبەری پەکەکە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بە شاندەکەی گوتووە، "لە قۆناخی ئێستادا بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە بە هەنگاوە سیاسی و یاساییەکانەوە بەندە."

رۆژی هەینی 03-10-2025 شاندی ئیمرالی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان کرد و ئەمڕۆ شەممە ئەنجامەکەیان لە راگەیێندراوێکدا خستەڕوو.

شاندی ئیمرالی نزیکەی سێ کاژێر و نیو لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئۆجەلان وەک هەموو جارێک بە ورە، تەندروست و متمانە بەخۆبوونێکی بەرزەوە دەرکەوت."

دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە زانیاریی خستووەتەڕوو و دەڵێت، گوتوویەتی "بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، شەڕ و پێکدادان لە وڵاتدا وەستێندرا و رێگری لە زۆر مەترسی گەورە کرا. هەر کەسێک رۆڵ لەمەدا بگێڕێ، خاوەنی ماندووبوونێکی شکۆدار و گەورەیە."

دەم پارتی دەڵێت، ئۆجەلان جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە کردووەتەوە و گوتوویەتی، "شارستانییەت، دوای سێ سەتە لە پێکدادانە وێرانکەرەکان و زیانە گەورەکان لە شەڕە جیهانییەکان، دیموکراسی و گفتوگۆی وەک مۆدێلێکی گرنگی چارەسەری پەرەپێدا. ئەم رێبازە دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا وەک بنەما وەربگیرێت."

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، "ئۆجەلان پێشنیازی کرد کە لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا گفتوگۆی دیموکراسی باڵادەست بێت".

رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە قسەکانیدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی باسی لە بانگەوازی خۆی لە 27ـی شوبات بۆ چەکدادانی پەکەکە کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە لە پشت قسەی خۆمانین کە بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە بە هەنگاوە سیاسی و یاساییەکانەوە بەندە."

دەم پارتی دەڵێ، رێبەری پەکەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە قۆناخی ئێستادا "دیاریکردن و جێبەجێکردنی پێداویستییە یاساییەکان بە تێڕوانینێکی راست و یەکگرتوو گرنگە."

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا دەم پارتی رایگەیاندووە، "ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا، سەتەی نوێی کۆمار دەبێت لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی دروست بکرێت".

شاندەکە دوایینجار رۆژی 28ی ئابی 2025 سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
 
ئەم سەردانانە لە کاتێکدان، پڕۆسەیەکی چارەسەری ماوەی یەک ساڵە لە تورکیا دەستیپێکردووە و دەسەڵات، ئۆجەلان و دەم پارتییش دەڵێن، هەوڵ دەدەن ئەنجامی باشی هەبێت.
 
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان