رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێشوازی لە وەڵامی حەماس بۆ پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ دەکەن و گوتی، "حەماس جارێکی دیکە نیشانیدا کە ئامادەیە بۆ ئاشتی." ئەردۆغان جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشەکانی بوەستێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداریکرد لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەکۆمەڵ و دانانی بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سوڵتانبەیلی لە ئیستەنبووڵ. گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵی چڕیان هەیە بۆ راگرتنی "کۆمەڵکوژییەکە" کە ماوەی 2 ساڵە لە غەززە بەردەوامە.
سەرۆککۆماری تورکیا، گوتیشی: "لە هەموو بوارەکاندا، لە هاوکاریی مرۆییەوە تاوەکو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، هەموو تواناکانمان خستووەتەگەڕ. ئامانجمان ئەوەیە خوشک و برا غەززەییەکانمان بە زووترین کات بە ئارامی و ئاشتی و ئاسایش بگەن."
ئەردۆغان، باسی لەوەش کرد کە هەفتەی رابردوو لە نیویۆرک و واشنتن سەبارەت بەم پرسە چەندین دیداریان ئەنجامداوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە وێنە ئازاری منداڵانی غەززەیان خستووەتە بەردەم هەموو جیهان. هەروەها گوتی، "لەسەر ئەم بابەتە بە وردی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قسەمان کردووە و هەنگاوەکانی پێویستمان بۆ ئاشتی تاوتوێ کردووە."
ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای سەردانەکانی، سەرۆکی میتی ناردووە بۆ قەتەر و وەزیری دەرەوەشی ناردووە بۆ سعودیە و ئیمارات و گوتی: "دوێنێ شەو، گرنگترین بابەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، دیسانەوە غەززە بوو. پێشوازی لە وەڵامی حەماس بۆ پلانی ئاشتیی بەڕێز ترەمپ دەکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "حەماس، وەک چەندین جار پێشتریش کردوویەتی، نیشانیدا کە ئامادەیە بۆ ئاشتی. بەم شێوەیە، دەرچەیەکی هیوا بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەماندا کرایەوە. لەم روانگەیەوە، زۆر گرنگە ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشەکانی بوەستێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ