رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ لە 60 پارێزگەی باکووری کوردستان و تورکیا بەفر دەبارێت. سەرۆکایەتیی ئافادیش هۆشداری دەدات لە ئەگەری دروستبوونی شەختە و ئاستەنگی هاتووچۆ.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی شوباتی 2025، بڵاویکردەوە، لە 60 پارێزگەی تورکیا و باکووری کوردستان بەفر دەبارێت.
کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە پارێزگەکانی شرنەخ، جۆڵەمێرگ، ئێلیهـ، بەدلیس، وان، مووش، چەولیگ، ئەرزەرۆم، ئاگری، ئیدر، قەرس، ئەردەخان، ئەرزینگان، دێرسم، خارپێت، سەمسوور، مەڵەتی، سێواز، دیلۆک و مەڕەشی باکووری کوردستان بەفر ببارێت.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی تورکیا، لە ئەردەخانی باکووری کوردستان 20 بۆ 50 سانتیمەتر بەفر دەبارێت، هەروەها لە پارێزگەکانی ئەرزەرۆم و قەرسی باکووری کوردستانیش 10 بۆ 20 سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
بەرزترین و نزمترین پلەکانی گەرما لەو سێ پارێزگەیەی باکووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
ئەردەخان: بەرزترین 6 پلە ژێر سفر، نزمترین 18پلە ژێر سفر
ئەرزەرۆم: بەرزترین 2 پلە ژێر سفر، نزمترین 10 پلە ژێر سفر
قەرس: بەرزترین 2 پلە ژێر سفر، نزمترین 13 پلە ژێر سفر
ئەوە لە کاتێکدایە، یەحیا ئوستون، راوێژکاریی میدیایی گەشتە ئاسمانییەکانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی پارێزگەکە بۆ ئەمڕۆ و سبەی هەڵوەشانەوە.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) لە ئەگەری دروستبوونی شەختە، ئاستەنگیی هاتووچۆ و هەر پێشهاتێکی نەخوازراو، هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان ئاگاداریی خۆیان بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ