باخچەلی بۆ سەرۆکی جەهەپە: پێت خۆشە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دەست لەناو دەست بگەڕێیت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی سووریاوە، بە زمانی زۆر تووند هێرشی کردە سەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە). پێی راگەیاند، پێت خۆشە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دەست لەناو دەست بگەڕێیت. 
 
دەوڵەت باخچەلی، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد. لە بەشێکی گوتارەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە ئەحمەد شەرع گرتبوو بەهۆی هێرشەکانی بەمدواییانەی بۆ سەر کورد و رایگەیاندبوو، "شەرع پێیوایە بە بەستنی بۆینباخ، رابردووی پاک دەبێتەوە."
 
دەوڵەت باخچەلی، لە گوتارەکەیدا رووی دەمی کردە ئۆزەل و گوتی: "ئۆزگور ئۆزەل سیاسەتی دەوڵەتی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە 'مایەی نیگەرانی' دەزانێت و گوتوویەتی ئەحمەد شەڕع نوێنەرایەتیی هەموو سووریا ناکات، بەڕاستی قسەیەکی بێمانا و مایەی نائومێدییە. ئەم کەسە [ئۆزگور ئۆزەل] کە ئەسەدی لە دڵیدا هەڵگرتووە و هۆش و دڵی خۆی بە یەپەگە سپاردووە، نە قسەی قسەیە و نە سیاسەتەکەشی مەردانە و نیشتمانییە."
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها گوتی: "ئۆزگور ئۆزەل گوتوویەتی 'بۆینباخ بەستن بۆ هەتەشە نابێت'، وەک دەبینن قسەی پووچی کردووە و دیسان دۆخەکەی تێکداوە. تۆش ئەگەر پێت بکرێت بۆینباخی یەپەگە ببەستیت، دەتوانیت لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دەست لەناو دەست بخەیت و بە شاخ و داخدا بگەڕێیت و تۆوی ئاژاوە و دووبەرەکی بچێنیت." 
 
دەوڵەت باخچەلی، لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئۆزەلی گوت: "بەڕێز ئۆزەل، واز لە قسەی بێمانا بهێنە و وەرە سەر باسە سەرەکییەکە. تێبگە و قبووڵی بکە کە دروستکردنی ژاوەژاو سیاسەت نییە و ئەم قسە پێچانەوەیە دەتخاتە دۆخێکی پێکەنیناوی. ئەو نھێنییەی لەژێر زمانتدا شاردووتەتەوە دەریبخە و دان بەوەدا بنێ کە بەهۆی ئەوەی سووریا یەکپارچەیی سیاسی و خاکی خۆی مسۆگەر دەکات، خەوت لێ زڕاوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە