رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمیسیۆنی دادی پەرلەمانی تورکیا، 11 ـەمین پاکێجی دادوەری پەسند کرا و تاوانەکانی وەکو کوشتنی نێو خێزان، دەستدرێژیی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە دەرەوەی پاکێجەکە هێڵدرانەوە.
دوو رۆژ گفتوگۆ لەسەر پاکێجەکە کرا. رۆژی چوارشەممە، 15 مادە و درەنگی شەوی رابردوو سەرجەم پاکێجەکە پەسندکرا.
بە گوێرەی پاکێجەکە، لە چوارچێوەی یاسای کۆڤید-19 ـدا، ژمارەیەک لەو زیندانیانەی پێش 31ـی تەممووزی 2023 تاوانیان کردووە، سێ ساڵ زووتر ئازاد دەکرێن، بەڵام تاوانەکانی وەکو کوشتنی نێو خێزان، دەستدرێژیی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە چوارچێوەی پاکێجەکەدا نین.
ژمارەیەک زیندانی لە زیندانی داخراوەوە بۆ زیندانی نیمچەکراوە دەگوێزرێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت 55 هەزار زیندانی لە زیندانە نیمچەکراوەکان ئازاد بکرێن.
لە پاکێجەکەدا هەروەها چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی دادوەریدا هەن و دوای پەسندکردنی یاساکە، تۆمەتبارانی گەندەڵی و ساختەکاری لە دادگەکانی سزای ئاسایی دادگەیی دەکرێن.
بۆ ئەو تاوانبارانەی دەروونیان ناتەواوە، چەند گۆڕانکارییەک کراون و بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، ئەگەر کەسێکی (دەروونی) تاوانێک بکات، سزای ئەو تاوانە "زیندانیکردنی هەتاهەتایی" بێت، دەبێت ئەو کەسە لانیکەم ساڵێک لە زینداندا بمێنێتەوە و ئەگەر سزای تاوانەکە لە 10 ساڵ زیاتر بێت، دەبێت لانیکەم شەش مانگ لە زینداندا بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ