رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ستایشی هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپای بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا کرد، هیوای خواست سزاکانی سەر ئەو وڵاتە "بە تەواوی" هەڵبگیرێن.
رۆژی هەینی 07-02-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد.
ئەردۆغان ستایشی هەوڵی یەکێتیی ئەورووپای بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا کرد.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەردۆغان بە ماکرۆنی گوتووە، بڕیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووککردنی سزاکان گونجاوە و "گرنگیشە لە قۆناخی نوێی سووریادا سزاکان بە تەواوی هەڵبگیرێن."
لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011 بۆ 2024، لە سەردەمی بەشار ئەسەد 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا چەندین سزای قورسی ئابوورییان خستەسەر سووریا.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا. مانگی رابردووش، ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی کاتیی سووریا دەستنیشان کرا.
مانگی پێشوو، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن لەسەر دەستکردن بە کەمکردنەوەی سزاکانی سووریا، وەک هەوڵێک بۆ بووژاندنەوە و بنیاتنانەوەی وڵاتەکە.
18ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرەنسا چەند دیپلۆماتێکی ناردە سووریا، ئەردۆغان پێشوازی لەو هەوڵەی وڵاتە ئەورووپییەکە کرد. لەوکاتەوە ئەمە دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی تورکیا و هاوتا فەرەنسییەکەیەتی.
رۆژی سێشەممە 04-02-2025 ئەحمەد شەرع سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، گەلی سووریا خاوەنی ئەو ویستەیە کە دەتوانێت داهاتووی خۆی دیاری بکات.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "وەک چۆن لە ناخۆشترین رۆژەکاندا برا سوورییەکانمان تەنیا جێنەهێشتن، لە سەردەمی نوێشدا ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت پێشکێشی دەکەین."
ئەردۆغان سەردانەکەی ئەحمەد شەرعی بە "مێژوویی" ناوبرد و گوتی، "وەک دەستپێکێکی هەمیشەیی بۆ هاوئاهەنگی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکانمان دەیبینم. دامەزراوەکانمان لە دوو مانگی رابردوودا هەوڵی رژدیان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بگەیێنینە ئاستێکی ستراتیجی. لەو باوەڕەدام، پشت بە خودا لە داهاتوودا پەیوەندی و سەردانەکانمان زیاتر دەبن."
ئەحمەد شەرعیش گوتی، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە و رایگەیاند، "سوورین کە ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەدیهێنانی خێر و گەشەکردنی هەردوو گەل. لەم سۆنگەیەوە لە بوارەکانی مرۆیی، ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەستمان بە هاوکاریی هاوبەش کردووە."
سووریا ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر کۆمەڵێک سزای قورسی وڵاتانی رۆژئاوایە کە کاریگەری لە هەموو کەرت و خزمەتگوزارییەکی وڵاتەکە کردووە.
زۆرترین سزاکان لەسەر هەریەک لە کەرتەکانی وزە، خزمەتگوزاری و فەرمانگە داراییەکان، سوپا، گواستنەوە و پەیوەندییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ