رووداو دیجیتاڵ
عومەر ئیلەر، سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی داد و گەشەپیدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، هیوای خواست پرۆسەی نوێ بە سەلامەتی تەواوبێت و گوتی: "چاوەڕێ دەکەین ئەو خوێنڕشتنەی 40 ساڵە بەردەوامە، رابوەستێت". ئیلەر، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی دا چاکسازیی زۆر کراوە بۆ رێگەدان بە زمانی کوردی و ئەگەر کەموکورتی بچووکیش مابن، ئەوانیش چارەسەر دەکرێن.
عومەر ئیلەر، سەرۆکی لقی ئامەدی ئاکپارتی دوێنێ شەشی ئایاری 2025 لە شاری ئامەد بەشداری پۆدکاستی ( لە ئامەدەوە)ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و بە درێژی پرۆسەی ئێستای کرد لە تورکیا ، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە " پرۆسەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر" و لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە بە "پرۆسەی ئاشتی" ناودەنرێت .
لە ٢٧ی شوباتی ئەم ساڵەوە، واتە ئەو رۆژەی پەیامی رێبەری پارتی کریکارانی کوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە، کەشێکی نەرمی ئاشتیخوازی باڵی کێشاوە بەسەر باکووری کوردستان و تورکیا بەگشتی . ئەو پرۆسەیەی کە لە مانگی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٤ بە بانگەوازی سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد، بە پەیامی رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرجەستەتر بوو و بە پشتیوانیی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامە.
بەپێی بانگەوازی ئۆجەلان دەبێت پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دا داوای هیچ دۆخێکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا نەکراوەو، هەموو داواکانی وەک فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی و مافە کولتوورییەکانیش بە نەگونجاو دانراون. ئەم بانگەوازە بە نووسراوی ئۆجەلان بوو کە لەلایەن ئەندامانی شاندی ئیمرالی پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورکەوە خوێندرایەوە.
دوای تەواوبوونی پەیامەکە، یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی کە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ بوو و پێش چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا، سڕی سوورەییا ئۆندەر، تێبینییەک کە لە ئیمرالی تۆمارکردبوو لە گیرفانی دەرهێنا و خوێندیەوە. لەو تێبینییەدا کە بە زارەکی خوێندیەوە، وا نووسرابوو: "کاتێک من ئەم دەستپێشخەرییە دەخەمەڕوو، بێگومان دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێویستی بە سیاسەتێکی دیموکراتی و ناسینی یاساییە". ئەم تێبینییە هۆی مشتومڕێکی زۆربوو. ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە تورکیا باسی ئاشتی دەکەن. جگە لە پارتی زەفەر و ئیی پارتی، هیچ پارتێکی دیکە رێگر نین لەبەردەم ئەم پرۆسە و قۆناخەدا.
مەهەپە، ئاکپارتی و دەم پارتی دەڵێن دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە بە سەلامەتی تەواوبێت. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ش تائێستا هیچ راگەیێندراوێکی دژی ئەم پرۆسەیە نەداوە و پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەکە راگەیاندووە، بەڵام دەڵێ دەبێ پرۆسەکە لە رێگەی پەرلەمانەوەبێت.
سیاسەتڤانانی ئاکپارتی لە شارەکانی باکووری کوردستان چیان لەبارەی ئەم پرۆسەیەوە هەیە؟ ئەوان چی لەبارەوە دەزانن؟
سەرۆکی ئاکپارتی لە ئامەد عومەر ئیلەر، بەشداری بەرنامەی پۆدکاستی (ب دەما ئامەدێ) بوو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێت زیاتر لە 40 ساڵە لەسەر ئەم جوگرافیایە خوێن دەڕێژرێت، تەرمی سەرباز، پۆلیس و چەکدارانی پەکەکە لە چیاوە دەهاتنە خوارەوە و ئەمەش ئاگری دەخستە ماڵی هەموو کەسێکەوە، بەڵام کاتێک ئاشتی بەدیبێت، چیدیکە تەرم نایێن، کوشتن نابێت و فرمێسکی دایکان ناڕژێت. سەرۆکی ئاکپارتی لە ئامەد عومەر ئیلەر دەڵێ سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو ساڵەوەی هاتووەتە سەر دەسەڵات چەندین هەنگاوی گرنگی بۆ رێگەکردنەوە لەبەردەم زمانی کوردی هەڵێناوە. ئازادکردنی پڕوپاگەندە بە زمانی کوردی، کردنەوەی کەناڵی تەرەتە کوردی کە 24 کاژێر بە زمانی کوردی پەخش دەکات، کردنەوەی بەشی لیسانس، ماستەر و دکتۆرا بە زمانی کوردی لە زانکۆکان هەموو ئەو هەنگاوانە لەلایەن ئەردۆغانەوە نران. هەروەها لە ساڵی 2012ـەوە لە قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان هەفتانە دوو کاژێر وانەی کوردی هەنگاوێکی دیکەی پارتەکەیان بوو. سەرۆکی لقی ئامەدی ئاکپارتی دەڵێ "ئەو شتانەی کە مافی کورد بوون، خەونی کورد بوون، رێزدار سەرۆک ئەردۆغان جێبەجێیکردن. هەمووان ئەمە دەزانن. من نەک لەبەر پێگەکەم ئەوە دەڵێم، بەڵکو وەک کوردێکی بە ویژدان دەیڵێم. لە وڵاتەکەماندا هەموو رۆژ کوشتن و بڕین هەبوو، کورد بە ئاسانی نەیدەتوانی بە زمانی خۆی قسە بکات. نەیاندەتوانی گوێ لە مۆسیقای خۆیان بگرن، گوێ لە دەنگبێژانی خۆیان بگرن. بە ئازادی لە هیچ شوێنێک نەیاندەتوانی بڵێن ئێمە کوردین، بەڵام دوای هاتنی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتی کورد و تورک برای یەکترن. نەک ئێستا برای یەکترن، ئەوان هەزار ساڵە برای یەکترن. ئەگەر کەموکورتییەکی دەوڵەت هەبووبێت، ئەوا بە ناوی دەوڵەتەوە داوای لێبووردنی کرد."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ساڵەکانی 2012 و 2015 کە چەندین هەنگاو نران لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەدا کە لەلایەن دەوڵەتەوە ناونرابوو " پرۆسەی کرانەوە"، بەڵام دواتر ئەو هەنگاوانە وەستێندران. ئایا لەم پرۆسەیەدا درێژە بەو چاکسازییانە دەدرێت یان نا؟ عومەر ئیلەر گوتی"ئەگەر بە پاکی و لە دڵەوە دەستیان درێژ بکەن، من لەوباوەڕەدام ئەو کەموکوڕییانەی هەن، چارەسەر دەکرێن. خۆی شتێکی زۆر نەماوە. زۆربەی شتەکان کراون".
عومەر ئیلەر، لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا بۆ نموونە هەنگاوێک دەنرێت کە زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن ؟ گوتی: "ئێستا ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن. ئێستا یاسایەک هەیە ئەگەر کورد بیەوێت دەتوانێت قوتابخانەی تایبەتی کوردی بکاتەوە. دەوڵەت ئەم ئازادییەی داوە. ئەگەر دڵپاک بین، ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن قوتابخانەی تایبەت بکەنەوە. هیچ بەربەستێک لەبەردەمیان نییە. مەرج و رێساکانی تورکیا هەن. ئەم وڵاتە وڵاتی ئێمەیە. ئێمە و تورک وەک پارچەی یەک دڵین. جیاکردنەوەمان لە زمانی فێرکردن دا زۆر ئەستەم دەبینم. ئەگەر داواکارییەکە زمانی کوردییە، نازانم داواکارییەکان چین. نازانم لە سەرەوە چی باس دەکرێت. وەزیرەکانمان، شاندەکان بێگومان لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن، بەڵام نازانم چی دەڵێن. بەڵام ئەگەر هەر دەڵێن پەروەردە بە کوردی بۆ کورد پێویستە، من وەک کوردێک دەڵێم ئەمە پێویست نییە."
عومەر ئیلەر گوتی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان جەودەت ییلماز کوردە، وەزیری ئابووری و دارایی محەمەد شیمشەک کوردە و بەو جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لە نێوان کورد و تورک دا لە رووی ماف و یاساییەوە هیچ جیاوازییەک نییە. دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتە سەر کار، برایەتییەکی راستەقینەی هێنایە ئاراوە. کورد دەتوانن لە هەموو شوێنێک جێگەیان هەبێت و دەسەڵاتداربن". سەرۆکی ئاکپارتی لە ئامەد ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە نەژاد، پێویستە برایەتییەکی بەرفراوانتر لەسەر بنەمای نیشتمانی بنیادبنرێت و تەنیا بەم رێگەیە دەتوانن دڵخۆش بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ