رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەماوەیەکی نزیکدا پەیامێکی تایبەت بە نەخشەڕێگەی ئاشتی بڵاودەکاتەوە، دەشڵێ ''کورد لە دۆخێکدا نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ بخەڵەتێندرێت.''
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ (شەممە، 8-2-2025) لە ئامەدی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
باکرهان سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی چارەسەری پرسی کورد دەستیانپێکردووە، بە خەڵکی ئامەدی گوت ''مەترسن. کورد، کوردی 100 ساڵ بەر لە ئێستا نییە. کورد لە دۆخێکدا نییە لەسەر مێز بخەڵەتێندرێت. کورد لە تورکیا و ناوچەکە، بەهێزترین گەلە.''
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2025 لە گوتارێکیدا لە ئامەد رایگەیاند، ''سەقامگیریی دیاربەکر (ئامەد)، سەقامگیریی تورکیایە؛ خۆشگوزەرانیی دیاربەکر، خوشگوزەرانیی تورکیایە؛ چارەنووسی دیاربەکر، چارەنووسی تورکیایە.''
باکرهان لەبارەی ئەو گوتانەی سەرۆککۆماری تورکیا گوتی ''بەڕێز ئەردۆغان، کەوایە گوێ بۆ ئەو دیاربەکرییانە بگرە کە لێرە کۆبوونەتەوە؛ دیاربەکر داوای ئاشتی دەکات؛ دیاربەکر داوای پێگە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، داوای سەربەخۆیی بۆ بەڕێز ئۆجەلان دەکات.''
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوە کرد ''نەخشەڕێگەی ئاشتی ئامادە دەکات؛ نەخشەڕێگەی خەباتێکی شکۆمەندانە ئامادەدەکات. بەڕێز ئۆجەلان، نەوەک بەتەنیا بۆ کورد، بەڵکو نەخشەڕێگەیەک لەپێناو بەیەکەسان ژیانی هەموو ئەو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییانەی لە تورکیا دەژین، ئامادە دەکات.''
باکرهان راشیگەیاند، ''دەسەڵات لێرە (تورکیا) باسی ئاشتی دەکات، کەچی لە ناردنی درۆن و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە. ناکرێت لە تورکیا باسی ئاشتی بکرێت و لە رۆژئاواش شەڕ بێت. ناکرێت لە تورکیا مشتومڕ لەسەر ئاشتی بکەیت و لە رۆژئاوا پلانی شەڕ دابنێیت.''
هەر لەبارەی پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و تورکیا، باکرهان گوتی، ''ئەگەر بڕیارە ئاشتی لە تورکیا بێتەدی، دەبێت رۆژئاواش بگرێتەوە. ئەگەر بڕیارە سەقامگیری لە تورکیا بێتەدی، دەبێت تورکیا پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەسەڵاتێک لە سووریا بکات کە کورد، عەلەوی و گەلانی دیکە بتوانن بە ئاشتی و برایانە تێیدا پێکەوە بژین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ