رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی "تاوان دژی ژنان دەوەستێنین" راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، لە مانگی ئاداردا 24 ژن كوژران و 19 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، لێكۆڵینەوە لەبارەیانەوە بەردەوامە.
بە گوێرەی راپۆرتی پلاتفۆرمەكە، 11 ژن بەدەست هاوژینەكانیان، سێ ژن بەدەستی خۆشەویستەکانیان، دوو ژن بەدەست خزمەکانیان، دوو ژن بەدەست خۆشەویستە پێشووەکانیان، دوو ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، ژنێک بەدەستی باوکی، ژنێک بەدەستی کوڕی و ژنێکیش لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە كوژراوە.
ئەوەش هاتووە، 15 ژن لەنێو ماڵەكانیان، سێ ژن لە شەقام، ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێل، ژنێک لە شوێنی کار، ژنێک لەنێو هۆتێل، دوو ژن لە چۆڵەوانی و ژنێک لە گەراجی ئۆتۆمبێل كوژراون.
لە مانگی ئاداردا، 19 ژن لە شارەکانی تورکیا و پێنج ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ کوژراون کە 4 ژن بوون و زۆرترین ژن کە لە باکووری کوردستان کوژراون لە ئامەد بووە بە کوژرانی 2 ژن.
بە گوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە ساڵی 2020دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 300 ژن کوژراون و 171 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە. لە ساڵی 2021یشدا 367 ژن کوژراون و 242 ژنیش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ