رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای فەرمییان پێشکێشکردووە بۆ سەردانی دوورگەی ئیمراڵی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، هەریەک لە پارێزەران رێزان ساریجا، رازیە ئۆزتورک، مەزڵووم دینچ و فایەق ئۆزگور ئێرۆل، کە ئەندامانی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ (ÇHD)ـن و هەر چواریان پارێزەرانی ئۆجەلانن، داوایەکی فەرمییان پێشکێشی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی پارێزگای بوورسا و بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی کردووە، بۆ ئەنجامدانی دیداری تایبەت لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە 26 ساڵ لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی لە پارێزگای بورسا زیندانیکراوە.
بەر لە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری، هەر چوار پارێزەرەکەی ئۆجەلان لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 300 داواکارییان پێشکێش کردبوو بۆ دیداری ئۆجەلان، سەرجەمیان رەتکرانەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پارێزەرانی سێ گیراوەکەی دیکەی نێو دوورگەی ئیمراڵی، داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ ئەنجامدانی دیدار و هەواڵپرسینی بریکارەکانیان.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 و 21ـی نیسانی 2025 چوار جار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە. لە دوایین سەردانیاندا فایەق ئۆزگور ئێرۆل، پارێزەری ئۆجەلان یاوەری پەروین بوڵدان کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ