رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دیاری دەم پارتی، کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، لەبارەی ئەگەری بەشداربوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکەدا دەڵێت، "بە ئەگەرێکی زۆر، پەیوەندییەکی ئۆنلاینی بۆ رێکخراوە."
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025 لەبارەی ئەگەری بەشداربوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆنگرەی حیزبەکەی گوتی، "بە ئەگەرێکی زۆر، پەیوەندییەکی تەکنیکی رێکخراوە؛ نامەوێت زۆر بچمە نێو وردەکارییەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی، کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، ئاماژەی بەوەش کرد، "رێگەیەکی دوورودرێژمان لەپێشە. بۆیە پێم وایە، دەبێت بە هۆشیارانە و سەرنجەوە قسە بکەین. پێم وایە نابێت زیان بە پرۆسەکە بگەیێنین. بۆیە تاوەکو ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام دەگات، دەبێت ئاگامان لە هەر گوتەیەک بێت کە دەیکەین."
پەروین بوڵدان لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکە دەشڵێت، "راستە کۆنگرە کرا و روونکردنەوەیەکی تێروتەسەل نەدرا، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین لە رۆژانی داهاتوودا روونکردنەوەیەکی تێروتەسەل بدرێت."
عەبدولڕەحمان تەمەل، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی تەمەل لە ئەنقەرە رۆژی هەینی میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی ئەگەری بەشداربوونی ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکە گوتی، "با پەکەکە روونکردنەوە لەمبارەیەوە بدات؛ تەنیا دەتوانم ئەمە بڵێم، ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە کردووە."
لە تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا کە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ