گوتەبێژی دەم پارتی: ئیرادەی ئاشتی دووپاتکرایەوە و کاتی کردارە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، باسی پرۆسەی ئاشتی، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند: دەبێت شکۆی کورد و سەربەرزیی تورک لە راپۆرتی کۆتاییدا رەنگبداتەوە.
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی هاوسەرۆکانی کۆبووەوە و تێیدا پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و ناوچەکە، پرۆسەی پێکدادانەکان لە رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتەکە، هاتە بەردەم کامێراکان و پەیامەکانی لەبارەی پرسە گەرمەکانی رۆژەڤەوە بڵاوکردەوە. 
 
دۆغان، وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی (11ی شوبات) شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا خستەڕوو. جەختی لەوە کردەوە کۆبوونەوەکە لە رووی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"ـەوە گرنگ بووە و گوتی: "لەکۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار، جارێکی دیکە ئیرادەی هاوبەش بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە بەشێوەیەکی پشوودرێژانە دووپاتکرایەوە."
 
راشیگەیاند، بەڵام لەم قۆناخە بەدواوە تەنیا 'خستنەڕووی ئیرادە' بەس نییە. بۆ دروستکردنی متمانە لەنێو کۆمەڵگەدا، پێویستە پەرلەمان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و هەموو دامەزراوە گشتییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها چوارچێوەی یاسایی بۆ دیموکراسی و ئازادییەکان بە فراوانترین رێککەوتن و بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە." 
 
ئایشەگوڵ دۆغان، باسی لەوە کرد، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی 27ی شوباتدا، بەداخەوە هێشتا ئەو رێکخستنە یاساییانە کە دەبنە هۆی هەمیشەییکردنی پرۆسەکە، نەکراون. کۆمیسیۆنی پەرلەمان چەندین مانگە کاردەکات، بەڵام ئەو هەنگاوە بەرجەستەکراوانەی کە پێویستە لە بواری دیموکراسی و ئازادییەکاندا بنرێن، هێشتا وەک راگەیێندراوی نیاز چاوەڕوانن. ئەوەی متمانەی کۆمەڵگە دروستدەکات، راپۆرتی تەکنیکی نییە، بەڵکو خێرا یاسادانان و جێبەجێکردنی ئەم راپۆرتانەیە."
 
هەروەها گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەم 'رێژە زێڕینە' تەنیا وەک گوتارێک نەمێنێتەوە و بە تەواوی لە راپۆرتی کۆتاییدا رەنگبداتەوە. پێویستە راپۆرتێک هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆبگرێت و ببێتە بنەمای داهاتوویەکی دیموکراسی و هەروەها هەموو رێکخستنە یاساییەکان، بە 'مافی هیوا'شەوە، بەبێ دواکەوتن بخرێنە رۆژەڤی پەرلەمانەوە. سەلامەتیی پرۆسەکە، بەندە بە دروستکردنی ئەو هەلومەرجانەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت تێیدا راستەوخۆ پرۆسەکە بەڕێوەببات و پەیوەندیی راستەوخۆی هەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کاتی شەڕەبۆکسەکە

بەهۆی وەزیرە نوێیەکانەوە شەڕەبۆکس لە پەرلەمانی تورکیا روویدا

لە پەرلەمانی تورکیا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی جەهەپە و ئاکپارتی دروستبوو و گۆڕدرا بۆ شەڕەبۆکس؛ هۆکارەکەشی بۆ رێگریکردن لە سوێندخواردنی وەزیرە نوێیەکانی کابینەکەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە.