ئەردۆغان: براکوردەکانمان براوەی ئەم پرۆسەیەن

12-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی باسی لە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد و هەنگاوەکەی بە "قازانج" بۆ تورک و کورد وەسفکرد.

ئەردۆغان رایگەیاند، حکومەت بە شکاندنی پێشبینییە نەرێنییەکان و فیتنەکان بەردەوام دەبێت لە رێگەکەی و گوتی: "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییمان ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخراوی تیرۆریستی  بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی راگەیاند. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین".
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی گشتگیریی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: "ئەم بڕیارە بە جۆرێک هەڵدەسەنگێنین کە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە لە باکووری عێراق، سووریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە مشەخۆرانی سەر خوێن و فرمێسک دۆڕاندوویانە و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و براکانی لە ناوچەکەن. گوتیشی: "رێکخستنەکانی هەواڵگریمان و یەکینەکانی ئاسایشمان، بۆ بردنە سەری بەڵێنەکان، لەمەودوا زۆر هەستیارانەتر چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. ئێمەش وەکو دەوڵەت بە وردی چاودێریی پێویستی پرۆسەکە دەکەین".
 
ئەردۆغان راشیگەیاند: "هەرچەندە نەژادمان، کولتوور و باوەڕمان جیاوازیش بێت، هەموومان هاووڵاتیی نمرەیەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین".
 
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە ئەگەر یەکبگرن، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت تورکیا ببەزێنێت. 
 
هاوکات پێداگریی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە نیشاندا و گوتی: "سوپاسی سەرۆکی پارتەکان و لەسەرووی هەموویانەوە هاوبەشی هاوپەیمانییەکەمان؛ بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەکەم کە لە یەکەم رۆژی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرەوە دڵسۆزانە خاوەنداریەتیی پرۆسەکەی کردووە. هەروەها پارتە سیاسییەکان، میدیاکاران و هەموو ئەوانە دەکەم کە رەنجیان کێشاوە،  بەناوەی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسیان دەکەم".
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، ئیدی جەرگسووتانی رۆژانەی خەڵک دەبێتە رابردوو. پەنا بەخوا چیدی رووبەڕووی بیستنی ئەو هەواڵانە نابین کە بەهۆی تیرۆرەوە جەرگی هاوژین، دایک و رۆڵە کڵپە دەدات و دەسووتێت. یەکێک لە گەورەترین براوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ، کەس و کاری شەهیدانمانن، هەروەها زیانبەرکەوتووانی سەنگەر، هێزەکانی ئاسایش و دایکانی دیاربەکر و رۆڵەکانیانن. تەنیا ئەم راستییانە بەسن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئەو کۆششە و ئەم قۆناخەی ئێستا پرۆسەکە پێیگەیشتووە لەڕووی مرۆیی و مێژووییەوە چەندە گرنگە".
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کورد بە گشتی و کەسوکاری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی: "بە هەمانشێوە لایەنێکی دیکەی براوەی پرۆسەکە برا کوردەکانمانن کە ساڵانێکە بەهۆی تیرۆرەوە رۆڵەکانیان لەدەستداوە، رووبەڕووی چەندین کێشەی مادی و مەعنەوی بوونەتەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون".
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر برایەتی و چارەنووسی هاوبەش کردەوە و هیوای خواست، تەواوی 86 ملیۆن خەڵکی تورکیا بە شێوەیەکی هاوهیوا و هاوڕێیانە لە رێگەکە بەردەوام بن.

 

 
دەقی گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
 
لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا، بە بڕینی ئاستەنگەکان، بە شکاندنی پێشبینییە نەرێنییەکان و تێکدانی فیتنە و تەڵەکان، بە هەنگاوی دڵنیا بەردەوامین لە بەرەوپێشچوون. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییمان ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخراوی تیرۆرستی رایگەیاند کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی داوە. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین. ئەم راگەیێندراوە وەکو بڕیارێک هەڵدەسەنگێنین، کە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەوانەی باکووری عێراق، سووریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە.
 
پلانی 100 ساڵەی ئیمپریالیستەکان گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت. ئەو خەنجەرەی بەر برایەتیمان کەوتووە، پەنا بەخوا بۆ هەمیشە دەردەهێندرێت و فڕێدەدرێت. مشەخۆرانی سەر خوێن و فرمێسک دەیدۆڕێنن و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و تەواوی براکانمان دەبن لە ناوچەکەدا. ئێمە لە دڵەوە باوەڕ بەمە دەکەین. رێکخستنەکانی هەواڵگریمان و یەکینەکانی ئاسایشمان، بۆ ئەوەی هیچ رووداوێک روونەدات و لە بابەتی بردنە سەری بەڵێنەکان، لەمەودوا زۆر هەستیارانەتر چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. ئێمەش وەکو دەوڵەت سات بە سات بە وردی چاودێریی پێویستی پرۆسەکە دەکەین. روونکردنەوەی زیاتر چ لەلایەن خۆمەوە و چ لەلایەن هاوڕێیانی بەرپرسیارمانەوە لە چەند رۆژی داهاتوو بە رای گشتی دەدرێت. 
 
دووبارە جەخت لەسەر ئەمە دەکەمەوە، هەرچەندە نەژادمان، کولتوور و باوەڕیشمان جیاواز بێت، هەموومان هاووڵاتیی نمرە یەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین. ئەگەر ئەو هاوهەستی و هاوچارەنووسی و هەستی برایەتییەمان بەرزتر بکەینەوە، بە پشتیوانیی خوا، هیچ هێزێک ناتوانێت مەچەکی تورکیا بشکێنێتەوە. ئەگەر لەم بابەتەدا خاڵێکی لاوازمان هەبێت، کەس ناتوانێت هاوکاریمان بکات. هیچ کاتێک نابێت ئەم راستییە لەبیر بکەین. ئێمە وەکو دەسەڵات و هاوپەیمانیی جمهوور، جەختدەکەینەوە، پێداگرین تورکیا لەو برینە رزگاربکەین کە 40 ساڵە خوێنی لێ دەچۆڕێ. 
 
سوپاسی سەرۆکی پارتەکان و لەسەرووی هەموویانەوە هاوبەشی هاوپەیمانییەکەمان؛ بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەکەم کە لە یەکەم رۆژی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرەوە دڵسۆزانە خاوەنداریەتیی پرۆسەکەی کردووە. هەروەها پارتە سیاسییەکان، میدیاکاران و هەموو ئەوانە دەکەم کە رەنجیان کێشاوە، بەناوی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسیان دەکەم.
 
بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، ئیدی جەرگسووتانی رۆژانەی خەڵک دەبێتە رابردوو. پەنا بەخوا چیدی رووبەڕووی بیستنی ئەو هەواڵانە نابین کە بەهۆی تیرۆرەوە جەرگی هاوژین، دایک و رۆڵە کڵپە دەدات و دەسووتێت. یەکێک لە گەورەترین براوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ، کەسوکاری شەهیدانمانن، هەروەها زیانبەرکەوتووانی سەنگەر، هێزەکانی ئاسایش و دایکانی دیاربەکر و رۆڵەکانیانن. تەنیا ئەم راستییانە بەسن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئەو کۆششە و ئەم قۆناخەی ئێستا پرۆسەکە پێیگەیشتووە لەڕووی مرۆیی و میژووییەوە چەندە گرنگە.
 
بە هەمان شێوە لایەنێکی دیکەی براوەی پرۆسەکە برا کوردەکانمانن کە ساڵانێکە بەهۆی تیرۆرەوە رۆڵەکانیان لەدەستداوە، رووبەڕووی چەندین کێشەی مادی و مەعنەوی بوونەتەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو