داودئۆغڵو لەبارەی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە: بڕیارێکی مێژووییە

12-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئاییندە لە تورکیا کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بە 'بڕیارێکی مێژوویی' ناودەبات و دەشڵێت، "لەوە گرنگتر چۆنێتی جێبەجێکردنیەتی."
 
ئەمڕۆ پەکەکە بە فەرمی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و دەڵێت، "بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییەکی دوورمەودایە."
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت، "هەرچەندە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە زۆر گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر چۆنێتی جێبەجێکردنییەتی." گوتیشی، "چیدیکە باسی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی و جیابوونەوە ناکرێت؛ کورد و تورک پێکەوە کار بۆ داهاتووی تورکیایەکی بەهێز دەکەن."
 
سەبارەت بە رۆڵی دەزگای هەواڵگریی میت، سەرۆکی پارتی ئاییندە ئەوەی خستەڕوو، "لە پرۆسەکەدا رۆڵێکی زۆر کاریگەر و ئەرێنیی هەبوو."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت، "خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت." دەشڵێت، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە