رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، دوای ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، دەکرێ لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2026دا هەموارە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیا. محەممەد ئوچوم دەڵێ، ئەوان پرسی کوردیان لەنێوخۆ تاڕادەیەکی باش چارەسەر کردووە.
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینی 12ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە زانکۆی مودانیا لە بورسا، بەشداری لە کۆنفرانسێکدا کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد.
ئوچوم هەوڵەکانی ئێستای تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە "پرۆژەیەکی دەوڵەت" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، لەژێر دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا پرسی کورد لە رێگەی چاکسازیی گەورەی یاسایی و دیموکراسییەوە چارەسەرکراوە و گوتی: "بێگومان کێشە هەبوون کە بە کردار چارەسەرکران"؛ گوتیشی، ئەو پرسی کوردەی کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و هەبوو، چی دیکە نەماوە.
راوێژکارەکەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە پڕۆژەیەکی دەوڵەتە و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەر لەسەر بنەمای ناسنامە و سیاسەتێکی ناسنامەیی قبووڵ ناکرێ.
ئوچوم گوتی: "ئەوانەی هەوڵدەدەن پەیوەندییەک لەنێوان ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و چارەسەری پرسی کورد دروست بکەن و لەسەر مافەکانی ناسنامە دانوستاندن بکەن، یان جیاوازیی ئەم کارە نابینن یان بە ئەنقەست تێکەڵی دەکەن. ئەو تێڕوانینانەی کوردەکانمان لەگەڵ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بە یەکسان دەبینێت و وەک هەموو هاووڵاتییانمان داواکارییە دیموکراسییەکانیان بە گرووپێکی ناسنامەییەوە گرێ دەدات، ئێمە بە دەستکارییکردنی فیکری دەبینین. تەنانەت پێمانوایە ئەمانە تێکدانی فیکرین کە لەسەر ئەم بنەمایە دژی پرۆسەکە دەکرێن."
محەممەد ئوچوم باسی لە کارەکانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان و سەردانی شاندێکی بۆ ئیمراڵی کرد و گوتی: "ئەو کۆمیسیۆنەی لە 5ـی ئابدا پێکهێندرا، کارێکی بەرفراوانی کردووە و گوێی لە زۆر کەس و نوێنەر گرت. دواجاریش شاندێکی 3 پەرلەمانتاری کە نوێنەری کۆمیسیۆنەکەن، لە ئیمراڵی دیدار و کۆبوونەوەیان کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، ئێستا کۆمیسیۆنەکە لە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتدایە."
ئوچوم ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێ بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەکەکانیان دادەنێن، بەگوێرەی دۆخیان هەمواری یاسایی بکرێ و گوتی: "ئایا دەبێت بۆ هەموو ئەندامانی رێکخراوەکە هەمان دۆخ دیاری بکرێ؟ بە بۆچوونی ئێمە، هەڵسەنگاندن لە جۆری جیاوازدا راستترە. بۆیە دەکرێ هەموارکردنە یاساییەکان لەسەر ریزبەندیی جیاوازی وەک ئەوانەی قەت تاوانیان نەکردووە، ئەوانەی تاوانی سووکیان کردووە، ئەوانەی تاوانی قورسیان کردووە، ئەوانەی لە پێگەی سەرکردایەتیدان و ئەوانەی ئەندامی سادەن، بێنە رۆژەڤەوە. ئەگەر کۆمیسیۆنەکە راپۆرتەکەی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواو بکات، لە مانگەکانی سەرەتای 2026ـدا هەموارە یاساییەکانی تایبەت بە قۆناخی راگوزەر دەکەونە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە."
ئوچوم لەبارەی پرسی کورد لە ناوچەکەدا قسەی کرد و گوتی، هێزە داگیرکارەکان دەڵێن: "کورد نەتەوەیەکی جیایە؛ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەتەوەیەکە کە زۆرترین دانیشتووانی هەیە و دەوڵەتی نییە. کورد پێویستی بە دەوڵەتێکی جیایە. تەنانەت پێویستی بە دەوڵەتێکە هەر 4 پارچەکە بکاتە یەک. ئەمەش پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییە لەژێر کۆنترۆڵی ئیمپریالیزمی پاڵپشتیکاری ئیسرائیل. ئەمە پرۆژەیەکی ئیمپریالیستییە. پرسی کوردی دەرەوەش ئەمەیە، ئەوەی بەسەر ئێمەشدا دەسەپێنرێت هەر ئەمەیە. دوای ئەوەی پرۆسەی راگوزەر بەرەو تورکیای بێ تیرۆر تەواو بوو، مەرج و هەلومەرجەکانی چارەسەری پرسی کوردی دەرەوەش نزیکەی تەواو دەبێ."
ئوچوم گوتی: "کاتێک تورکیای بێ تیرۆر، تورکیا لە بەڵای تیرۆر رزگار دەکات، سەپاندنەکان سەبارەت بە پرسی کوردی دەرەوەش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە و پرسی کوردی دەرەوەش بە رێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات، چونکە دەوڵەتی کورد هەیە. دەوڵەتی کوردی تورکیا دەوڵەتی کۆماری تورکیایە؛ دەوڵەتی کوردی سووریا، سووریایە؛ هیی ئەوانەی عێراق، عێراقە و هیی ئەوانەی ئێرانیش، ئێرانە. بێگومان تورکیا بەشێوەیەک کە یەکێتیی وڵاتان بە بنەما وەربگرێ، ئەو پشتیوانییەش دەدات کە کوردانی ناوچەکە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیان بەهێز بکەن، بەڵام لەڕووی کوردی تورکیاوە پێناسەی دەوڵەتێکی جیا، نەتەوەیەکی جیا، بوونی نییە. دەوڵەتی کۆماری تورکیا، دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیشە و ئەم بابەتە کۆتاییهاتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ