دەم پارتی: بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی ئاشتی، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمراڵی بهێنرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بۆ سڕینەوەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە مێژوودا و بەهێزکردنی ئیرادەی ئاشتی، پێویستە کۆتایی بە "سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی" بهێنرێت و بارودۆخی ئازادانەی کارکردن و پەیوەندی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکرێت.
 
دەم پارتی، لە ساڵیادی دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ تورکیا لە 15ـی شوباتی 1999، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو پیلانگێڕییە سیناریۆیەکی تاریک بوو لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە بەسەر هەموو وڵاتدا سەپێندرا، کە دەیانویست لە تورکیا ململانێی نەتەوەیی و جیابوونەوە دروست بکەن و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا ئاژاوە و پشێوی زیاتر بکەن." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پیلانگێڕییەکە ویستوویەتی ئەو ئیرادە و بیر و باوەڕە لەنێوببات کە بوون و بەردەوامیی گەلی کوردی مسۆگەر کردووە و دەڵێت: "بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە کە وەک بەشێکی گرنگ لە پلانی داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای سەدەی نوێدا رێکخرابوو، ئامانج ئەوە بوو کە بەڕێز ئۆجەلان، کە لە ساڵی 1993ـەوە ئیرادەی بۆ ئاشتیی تورکیا نیشان دابوو، لە رووی جەستەیی، فیکری و ئایدیۆلۆژی-سیاسییەوە بەدیل بگیرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتی باس لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: "پیلانگێڕییەکە سەرەتا بە هێرشکردنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیان پێکردبوو، بۆ سەرانسەری رۆژئاڤا فراوانیان کرد. ئەمە پیلانگێڕییەکی دیکەی نێودەوڵەتی بوو. ئامانج لەم پیلانگێڕییە دروستکردنی زەمینەی ململانێی نێوان گەلانی تورک، کورد و عەرەب و درێژکردنەوەی دوژمنایەتییەکان بۆ سەدەیەکی دیکە بوو. بەڵام بە خۆڕاگریی گەلی کورد و دۆستەکانی، دەستوەردانی بەهێز و کاریگەریی بەڕێز ئۆجەلان، ئەم پیلانگێڕییە لەم قۆناخەدا جارێکی دیکە پووچەڵکرایەوە."
 
دەم پارتی جەخت لە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری 27 ساڵەی ئۆجەلان دەکاتەوە، "بۆ سڕینەوەی ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە لە مێژوودا و بەهێزکردنی ئیرادەی ئاشتی، پێویستە کۆتایی بە سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی بهێندرێت کە بەشێکە لە پیلانگێڕییەکە و بارودۆخی ئازادانەی کارکردن و پەیوەندی بۆ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکرێت. پێدانی مافی هیوا بە بەڕێز ئۆجەلان، تەنیا پێویستییەکی پرۆسەکە نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتیی تەواو لەناوبردنی ئەو پیلانگێڕییە تاریکەیە کە لە دژی گەلان دانراوە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە