رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند، ئەگەر وەک ناونیشانیش نەبێت، "مافی هیوا" لە رێگەی بڕیارەکانی دادگای دەستوورییەوە بە دڵنیاییەوە لەنێو راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا جێگیر دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 16-02-2026 فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، بەر لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بابەتی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتی: "ئەگەر وەک ناونیشانیش نەبێت، 'مافی هیوا' لە رێگەی بڕیارەکانی دادگای دەستوورییەوە لەنێو راپۆرتەکەدا بە دڵنیاییەوە دەبێت."
سەبارەت بە "یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" کە پەیوەندیی بە گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە هەیە، فەتی یڵدز بە تەنزەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "ناوتان لە یاساکەش ناوە! کێ گوتوویەتی یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە؟".
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە هیواخواز بوو ئەمە دوایین کۆبوونەوە بێت و گوتی: "دوای کۆبوونەوەکە دەتوانین قسەی روونتر بکەین و هەموو شتێک روون دەبێتەوە".
قسەکانی یڵدز هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی تەواوی ئەندامانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی راپۆرتی هاوبەش بەڕێوەچوو.
لە رەشنووسی راپۆرتەکەدا، جەخت لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی تورکیا کراوەتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا راپۆرتە هاوبەشەکە پەسند بکرێت؛ لە ئەگەری پەسندکردنی راپۆرتەکەشدا، قۆناخی یاسایی پرۆسەکە دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ