پارێزگای ئامەد هۆشداری دەدات: ئاو لە بەنداوی ئێلیە بەردەدرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای ئامەد رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی لە رۆژانی رابردوودا باریوە، ئاستی ئاو بۆ بەنداوی ئێلیە زیادیکردووە و بەهۆیەوە بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو ئاوی بەنداوەکە بەردەدرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، پارێزگای ئامەد رایگەیاند، بەهۆی بەردانەوەی ئاوەکەوە، ئاستی ئاوی رووباری ئێلیە بەرز دەبێتەوە و هۆشداریی داوەتە ئەو ناوچانەی نیشتەجێبوون، کە نزیکن لە رووبارەکە و داوای لێکردوون رێوشوێنی پێویست بۆ مەترسیی لافاو بگرنەبەر.
 
پارێزگای ئامەد لە راگەیێندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی لە رۆژانی رابردوودا لە پارێزگاکەمان باریوە، هاتنی ئاو لە رووبارەوە بۆ بەنداوی ئێلیە زیادیکردووە. لەم چوارچێوەیەدا، بەپێی رێنوێنییەکانی کارپێکردنی بەنداوەکە، ئاو بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەردەدرێتەوە."
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "لە ماوەی بەردانەوەی ئاوەکەدا، ئاستی ئاوی رووباری ئێلیە بەرز دەبێتەوە؛ بۆیە زۆر گرنگە ئەو یەکە نیشتەجێبوون و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و شوێنە کارانەی نزیکن لە رووبارەکە، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر".
 
باس لەوەشکراوە کە پێشبینی دەکرێت لەو بەشانەی رووباری ئێلیە، کە بە سنووری قەزای سیلوان-ی پارێزگای ئامەددا تێدەپەڕن، ئاستی ئاو بەرزببێتەوە، بۆیە دەڵێت "تکایە با لەو ناوچانەدا رێوشوێنی پێویست لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ئەو شوێنانەی کاری کشتوکاڵییان تێدا دەکرێت، بگیرێتەبەر. پێویستە هاووڵاتییانمان بۆ سەلامەتیی گیان و ماڵیان، نزیک لە رووبارەکە نەکەونەوە و ئاگادار و وریای بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئاستی ئاو بن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە