تورکیا و باکووری کوردستان؛ 100 هەزار قوتابی وانەی کوردی هەڵدەبژێرن و تەنیا 157 مامۆستایان هەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
لە سەرتاسەری تورکیا 157 مامۆستا بۆ وانەی کوردی هەن
لە سەرتاسەری تورکیا 157 مامۆستا بۆ وانەی کوردی هەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی 14 ساڵە وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە قوتابخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان فەرمییە، بەڵام ئامارەکان نیشانی دەدەن ژمارەی مامۆستا دامەزراوەکان زۆر کەمە و لە کۆی 213 مامۆستای دامەزراو، تەنیا 157 مامۆستا لە پۆلەکاندا ماونەتەوە.
 
لە ساڵی 2012ـەوە کە مافی وانەی بژاردەی کوردی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنیا 213 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون. لەو ژمارەیە 45 مامۆستایان بەشی کارکردنیان گۆڕیوە و 10 مامۆستایش دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
 
ئێستا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان تەنیا 157 مامۆستای میلاک بۆ زمانی کوردی هەن، کە 118ـیان بە شێوەزاری کورمانجی و 39ـیان بە شێوەزاری زازاکی وانە دەڵێنەوە.
 
فاتمە شاهین، کچە دەرچوویەکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی ئارتوکڵوی مێردینە. لە ساڵی 2020ـەوە بە ئومێدی بوون بە مامۆستا بڕوانامەی وەرگرتووە، بەڵام وەک هەزاران دەرچووی دیکە، بێبەش کراوە لە دامەزراندن.
 
فاتمە بۆ رووداو باس لە نائومێدیی خۆی دەکات و دەڵێت: "شەش ساڵە ناچارم کاری جیاواز بکەم. گەورەترین خەونی من ئەوەیە وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی دابمەزرێم و بچمە ناو پۆل و وانە بە منداڵانی کورد بڵێمەوە، بەڵام دانەمەزراندن مرۆڤ نائومێد دەکات."
 
هودایی مۆرسومبول، مامۆستای زمانی کوردی لە ئامەد، ئاماژە بەو بۆشاییە گەورەیە دەکات کە لە کەرتی پەروەردەدا هەیە و دەڵێت: "ئەمساڵ 60 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. بۆ ئەم ژمارەیە لانیکەم پێویستمان بە 400 مامۆستا هەیە، بەڵام تەنیا 157 مامۆستامان لەبەردەستە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە 847 مامۆستای دیکەی دەرچووی بەشەکانی کوردی ساڵانێکە لە ماڵەوە دانیشتوون و چاوەڕێی میلاکن.
 
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا، پێشتر رایگەیاندبوو کە بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان وانەی کوردی هەڵنابژێرن، ئەوانیش مامۆستا دانامەزرێنن. بەڵام سەندیکاکانی پەروەردە ئەم قسەیە رەتدەکەنەوە.
 
سەرهات کڵچ، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی سەندیکای (ئەیتیم-سەن) بە رووداوی ڕاگەیاند، کاتێک خێزانەکان دەچن بۆ هەڵبژاردنی وانەی کوردی، بەرپرسانی قوتابخانەکان بە بیانووی ئەوەی "مامۆستامان نییە" یان "ئەگەر هەڵیبژێرن وانەکە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە" رێگرییان لێدەکەن.
 
کڵچ دەڵێت: "وەزارەت لە لایەک مامۆستا دانامەزرێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێت کەس داوای وانەی کوردی ناکات؛ ئەمە خۆدزینەوەیە لە راستی، چونکە خەڵک بە ئیرادەی خۆی ناتوانێت بگاتە وانەی کوردی."
 
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ داواکاریی قوتابییان بۆ خوێندنی وانەی کوردی 100 هەزار قوتابی تێپەڕێنێت، ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر حکومەتی تورکیا بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی زیاتر لەو بەشەدا.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە