رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵی دوای دیدارێکی سێ کاژێری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی نوێی ئەویان رادەگەیاند؛ ئۆجەلان دەڵێت قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە کە جەوهەرەکەی دانانی چەکی پەکەکە بوو کۆتایی هاتووە و ئێستا قۆناخی "یەکگرتنەوەی دیموکراسی" دەستیپێکردووە.
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای دیدارەکەی رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئۆجەلان ئەم دیدارەی بە "کۆبوونەوەی دەستپێکردنی یەکگرتنەوە" ناوبردووە.
بەگوتەی میدحەت سانجار، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ 16 مانگی رابردووی پرۆسەکە کردووە و گوتوویەتی: "قۆناخی یەکەم کۆتایی هاتووە، کە تایبەت بوو بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و تێکۆشانی چەکداری. جەوهەری ئەم قۆناخە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک بوو، ئەمەش بڕیارێکی ستراتیژییە بۆ من."
سانجار ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا چووینەتە قۆناخی دووەم، کە تێیدا جەخت لەسەر "رەهەندی یەکگرتنەوە" دەکرێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رێگەیانە دەکرێت کە پێویستە لەمەودوا بگیرێنەبەر.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەری سەرەکی بووە. سانجار رایگەیاند کە ئۆجەلان رێککەوتنی 10ـی ئاداری لە سووریا بە چوارچێوەی سەرەکیی دانوستاندنەکان زانیوە.
سانجار تیشکی خستە سەر رۆڵی ئەکتەرە کوردییەکان لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گوتی: "لەنێو ئەم ئەکتەرانەدا سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رۆڵیان هەبووە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەکتەری سەرەکی بوو کە توانی دۆخەکە لە لێواری هەڵدێرەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بگێڕێتەوە."
دیپلۆماسییەتی کورد لە میونشن
شاندی ئیمراڵی باسیان لە گرنگیی بەشداریی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد. سانجار گوتی، ئامادەبوونی کورد وەک ئەکتەرێکی هاوبەش لەگەڵ شاندی سووریا لەو کۆنفرانسەدا، نیشانەی ئەوەیە کە کورد پێگەی خۆی لە داهاتووی سووریادا جێگیر دەکات.
میدحەت سانجار ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای 110 ساڵ لە سایکس-پیکۆ سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە و گوتی: "ئەو وێنەیەی لە میونشن دەرکەوت، بۆ کردنەوەی رێگەیەک بوو کە تێیدا دان بە ماف و پێگەی کورددا بنرێت. گوتارەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسەکەدا نیشانەی زۆر روونی تێدایە کە واشنتن چۆن سەیری داهاتووی ناوچەکە دەکات."
سانجار لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دەرکەوتنی کورد وەک ئەکتەرێکی دیپلۆماسیی کاریگەر لە جیهاندا، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر سیستەمێکی نوێ کە کورد تێیدا پشتگوێ بخرێت، گرنگییەکی "ژیانی و مێژوویی" هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ