رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە، لە وەڵامی پەرلەمانتارێکی دەم پارتیدا دەڵێت، ئاشتی بەڕێوەیە و پێویست ناکات هەندێک بابەت باس بکرێن.
مەرال دانیش بێشتاش، خانمە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم، شەوی رابردوو میوانی کەناڵێکی تورکیا بوو و باسی لە بڕیاری کۆنگرەی پەکەکە و پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، "رشتنی خوێن، ئازار و نەهامەتی دەیان ساڵ نەبووە هۆی ئەوەی تورک و کورد لە تورکیادا ببنە دووژمنی یەکدی."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: "کەسانێک لێرە و لەوێ، هەروەها چەند گرووپێک بێڕێزی بە کورد دەکەن و نکۆڵی لێدەکەن. سیاسەتی جیاکاری، زمانی زبر و هەڕەشەئامێز کە دەسەڵاتداران بەکاریان دەهێنا، وایکرد کێشە و قەیران رووبدەن."
مەرال دانیش بێشتاش گوتی، یەک هەفتە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن قسەکردنیان بەرامبەر کورد بگۆڕن، خەڵک بۆچوونی دەگۆڕدرێت و "زمانی سیاسەتڤانان وایکردووە جیاکاری لەنێو خەڵکدا دروست بێت. دەبێت سیاسەتڤانان ئاگاداری قسەکردنیان بن، پێویستە ئێمە زۆر بە هۆشیارییەوە وشەکانمان هەڵبژێرین؛ نابێ زمانی ژەهراوی بەکاربێنین، چونکە گەیشتن بە ئاشتی لە قسەکردنەوە دەست پێدەکات."
باسی لەوەشکرد، چەند بڕگە و مادەی یاسای سزاکانی تورکیا و چەند یاسایەکی دیکە هەن بۆ ئەوە داڕێژراوە کە کورد نەبنە هاووڵاتییەکی یەکسان لەم وڵاتە. بەداخەوە یاساکانیش تاوەکو ئێستا کاران.
یەکێک لە پێشکێشکارانی بەرنامەکە گوتی، زانیارییان پێگەیشتووە بەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە سەیری بەرنامەکە دەکات و بەهۆی ئەو بەشەی قسەکانی مەرال دانیش بێشتاش، پەیامێکی بڵاوکردەوە. پەیامەکەی باخچەلی لە پەخشی راستەوخۆ خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەیدا باخچەلی نووسیویەتی: "ئاشتیی باڵندەیەک نییە تەنیا باڵێکی ھەبێت. باڵێک لە 27ی شوباتدا بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بڕیاری خۆھەڵوەشاندنەوەدا، لێی روا. باڵی دووەمیش پێویستە هەمووان پێکەوە بە گیانی یەک میللەت بیڕوێنین. بۆ روانەوەی باڵەکەش پێویستە ئارام و خۆڕاگر بین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و بگەینە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر. ئاشتیی بەڕێوەیە، بۆیە لەم نێوەندەدا ناکرێت ھەندێک بابەت کە ناپێویستە بخرێنە بەر باس و بوروژێندرێن."
یەکی تشرینی یەکەمی 2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رۆژی یەکی ئاداری 2025، ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
10ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ