لە کۆی 25 هەزار مامۆستا لە باکووری کوردستان و تورکیا 6 مامۆستای زمانی کوردی دادەمەزرێن

18-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەڵێت، بۆ ئەم ساڵ 25 هەزار مامۆستای گرێبەست بە هەمیشەیی دادەمەزرێنن. لە کۆی ئەو مامۆستایانە، تەنیا شەش مامۆستا بۆ زمانی کوردی دادەمەزرێن؛ پێنج مامۆستا بۆ شێوەزاری کورمانجی و مامۆستایەکیش بۆ شێوەزاری زازاکی. 
 
ساڵانە دوای پەسندکردنی بودجەی گشتیی ساڵی دارایی، وەزارەتەکان لە چارەکی یەکەمی ساڵدا، پێداویستییەکانیان لە دامەزراندنی مامۆستا، فەرمانبەر، پۆلیس، جەندرمە و کارمەند رادەگەیێنن. 
 
رۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، دامەزراندنی 25 هەزار مامۆستای گرێبەستی بڵاوکردەوە و راشیگەیاند، بۆ مامۆستای زمانی کوردی شەش کەس دادەمەزرێنن کە پێنجیان بۆ شێوەزاری کورمانجی و مامۆستایەکیش بۆ شێوەزاری زازاکی دەبێت. 
 
وەزارەتەکە دەڵێت، لە رۆژانی نێوان 21ـی نیسان تاوەکو 5ـی ئایاری 2025، پێویستە مامۆستاکان فۆرمێکی ئەلیکترۆنی پڕبکەنەوە بۆ خۆتۆمارکردن، دواتر رۆژی 7ـی ئایار تاقیکردنەوەیان بۆ دەکرێت. 
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکان دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە. 
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵانی 2012 تاوەکو 2022دا 189 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون کە 147 مامۆستای کورمانجی و 42 ـی مامۆستای زازاکی بوون. لە ساڵی 2023دا تەنیا 2 مامۆستا و لە 2024یشدا 10 مامۆستای دیکە دامەزرێندران کە شەشیان مامۆستای کورمانجی و چواری زازاکی بوون. بەوەش کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی دامەزراو گەیشتە 201 مامۆستای کوردی بۆ هەردوو شێوە زارەکە. 45 مامۆستایان بەشەکانیان گۆڕیوە و 10 مامۆستاش بوون بە فەرمانبەری حکومی یان دەستیان لە مامۆستایەتی هەڵگرتووە. ئێستا 146 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراو هەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو