رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19-1-2026 کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا کە سەرکردایەتیی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی کردبوو جەختیکردەوە، لە نزیکەوە چاودێریی تەواوی پێشهاتەکانی سووریا دەکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها پرەنسیپی 'یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا'ی بە مەرجی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی هەر وڵاتێک وەسفکرد و پاڵپشتیی تورکیای بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپە دووپاتکردەوە.
لەبارەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ئەردۆغان گوتی:"ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هەفتەی رابردوو بۆ رزگارکردنی چەند گەڕەکێکی داگیرکراوی حەلەب دەستیپێکرا، دوێنێ بە ئاگربەست و تێکەڵبوونەوە، کۆتایی هات. بەرێوەچوونی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەستیارە بە وردی و لەپێناوی ئەوەی زیان بە سڤیل نەگات، وەکو نەشتەرگەر هەنگاوی ناوە کە ئەمە جێی رێزە."
سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت: "سەرەڕای گێرەشێوێنیی ئەو گرووپە چەکدارانەی باکووری سووریایان داگیرکردووە، سوپای سووریا تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووانەی تێپەڕاند و خۆی پاراست لەوەی لە حەقبوونەوە ناحەق نیشان بدرێت".
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەردۆغان گوتی: "دوێنێ شەو لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع قسەمکرد و پیرۆزبایی ئۆپەراسیۆنەکەم لێی کرد. بە بەڕێز ئەحمەد شەرعم گوت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تورکیا هەمیشە لەگەڵتانە. هیوادارم رێککەوتنەکەی سووریا ببێتە مایەی خێر بۆیان. ئیدی خاکی بە بەرەکەتی سووریا لە فرمێسک و خوێن تێر بووە و نایەوێ. سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەماندا بەسەرچوو".
لەکاتێکدا هێشتا هیچ رێککەوتنێکی روون لەبارەی داهاتووی شەڕڤانانی هەسەدە لە سووریا واژۆنەکراوە، ئەردۆغان گوتی:" خۆ خافڵاندن و خۆشاردنەوە لە پەنای بیانوو بۆ دەستخستنی کات، سوودی بۆ هیچ کەسێک نابێت. کورد برای ئێمەن، عەرەب و تورکمانیش برا، گیان و جەرگی ئێمەن. ئێمە وەکو تورک، کورد و عەرەب، جگە لە خۆمان دۆستی دیکەمان نییە".
دەقی قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
پرەنسیپی یەک دەوڵەت و یەک سوپا، بۆ سەقامگیریی وڵاتێک مەرجی بنەڕەتییە.تورکیا پاڵپشتیی تەواوی بۆ جێبەجیکردنی ئەمە هەیە. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هەفتەی رابردوو بۆ رزگارکردنی چەند گەڕەکێکی داگیرکراوی حەلەب دەستیپێکرا، دوێنێ بە ئاگربەست و تێکەڵبوونەوە، کۆتایی هات. بەرێوەچوونی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەستیارە بە وردی و لەپێناوی ئەوەی زیان بە سڤیل نەگات، وەکو نەشتەرگەر هەنگاوی ناوە کە ئەمە جێی رێزە. سەرەڕای گێرەشێوێنیی ئەو گرووپە چەکدارانەی باکووری سووریایان داگیرکردووە، سوپای سووریا تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووانەی تێپەڕاند و خۆی پاراست لەوەی لە حەقبوونەوە ناحەق نیشان بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ