رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەند دۆسیەیەک کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەکرێت، تێیدا پرسی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، هەوڵەکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئیستەنبووڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا، هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا بۆ کیشوەری ئەفریقا و گرژییەکانی نێوان هێزی پاسەوانانی سنووری قوبرسی باکوور و هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، دوای پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی تەواوکەر کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا و رێکارەکانی وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا بۆ هەڵاوسان و سەقامگیرکردنی بەهای لیرەی تورکی باسیان لێوە دەکرێت.
حکومەتی تورکیا ئاوەدانکردنەوەی 11 پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکان دەخاتە بەرباس و تاوتوێی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و بەردەوامیدان بە قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانیانی دەکات.
رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سوێندخواردنی یاسایی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی تورکیا، ئەندامانی کابینە نوێیەکەی راگەیاند کە لە 17 وەزیر پێکهاتبوون. رۆژی 6ـی حوزەیرانیش یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێی حکومەتەکە ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ